سەردێڕ:

بارزانی لەپێناو کوڕەکەیدا نەرمی بۆ بەغدا دەنوێنێت

بارزانی لەپێناو کوڕەکەیدا نەرمی بۆ بەغدا دەنوێنێت
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-16

4637 جار خوێندراوەتەوە

هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم تا دێت ئاڵۆزتر و درێژخایەنتر دەبن بەهۆى ناڕوونى دیدى پارتى بۆ قۆناغى داهاتوو، لەلایەک و هەوڵى ئەم حیزبە بۆ دۆزینەوەى شەریک و هاوبەشێکى گونجاو لەگەڵ خۆى لەلاکەی تر، بەمەبەستى پاسادانى ئەو بارە سەخت و گرانەى چەند ساڵێکە و لەسەردەمى کابینە یەک لەدوایەکەکانى هەرێم لەسەر شانى خەڵکى کوردستان کەڵەکە بووە.

هەندێک سەرچاوەى ئاگادار لەڕەوشى دانیشتن و گفتوگۆکانى ئەمدواییەى پارتى و یەکێتى و گۆڕان بۆ ئێن ئاڕ تییان رونکردەوە، پارتى لەرێگەى میدیاکانەوە بێ منەتى خۆى لەبەشداریی حزبەکان دەخاتەڕوو، بەڵام لە ڕاستیدا پێویستى بەتەواوکەر هەیە کە شان بداتە بارى ئەو کەموکوڕییە ئیدارى و داراییانەى سیاسەتى حوکمڕانیی ساڵانى ڕابردوو بەرهەمیهێناوە، لەپێش هەموویانەوە قەرزە کەڵەکە بووەکان و بەرتەسکبونەوەى دەرفەتى کارکردن بۆ گەنجانى هەرێم کە ساڵانە بەلێشاو لەزانکۆ و پەیمانگاکانەوە دەردەچن.

جگە لەدۆزینەوەى شەریکیش زۆربەی شارەزایانى ڕەوشى سیاسى هەرێم، بەدوورى نازانن، پارتى کە زۆرینەى براوەیە بەدواى بەرانى قوربانیدا بگەرێت بۆ ئەوەى کەموکوڕییەکانى کابینەى داهاتوى هاوشانى خۆى بخاتە ئەستۆ، وەک ئەوەى ساڵى ٢٠١٤ بەرامبەر وەزیرەکانى گۆڕان کردى لە ناردنە ماڵەوەیان بەدەر لەیاسا و تۆمەتبارکردنیان بە سەبەبکارى نائارامى پایتەخت و تەنانەت تێکدانى بارى ئابووریش لەرێگەى میدیاى سێبەرو شەڕى واتە واتى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

بەپێى زانیارییە بەردەستەکانیش لەسەر ئاستى ناوخۆى پارتیش هێشتا گرێ و رێگریی شاراوە هەن لەبەردەم دەستاودەستى دەسەڵات لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرورى ئامۆزایدا، لەم میانەیەشدا هەست بەوەکراوە کە نێچیرڤان لەهەوڵدایە بەربەست و تەگەرەى زیاتر بۆ پێکهێنانى حکومەت دروستبکات، بەپێچەوانەى خواستى بارزانى و مەسرورى کوڕییەوە کە پەلەیانە بۆ پێکهێنانى یەکەم کابینەى کوڕە گەورەى بارزانى کە دەبێتە قۆناغێکى نوێ لەژیانى سیاسى بنەماڵەى بارزانی و مێژووى پارتیدا.

لەسەر ئاستى عێراقیش مەسعود بارزانی سەرۆکى پارتى، لەهەوڵى بەردەوامدایە بۆ ئاسانکاریکردن لەبەردەم مەسرورى کوڕیدا و هەست بەنەرمى نواندنى زۆر لەهەڵوێستەکانى دەکرێت بەرامبەر بە بەغدا  جیاواز لەسەردەمى نێچیرڤان کە بەردەوام بە لێدوانى توند و هەڕەشە پەیامى بۆ بەغدا دەنارد، لەم میانەیەشدا لە دیدارى سەرۆکى پەڕلەمانى عێراق محەمەد حەلبوسى، بارزانی رایگەیاند کە ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەى نێوان هەرێم و بەغدا کە لە دواى ٢٠٠٣ کەڵەکەبوون.

ئەم لێدوانەش لەکاتێکدایە کە ئەو حکومەتەى ئێستا لەسەر کارە بەتەواوى لەژێر هەژموونى حەشدى شەعبى و لیستى سائیرونى سەدر دایە و هەردوولاش پەرۆشن بۆ یەکێتى خاکى عێراق، جیاواز لەسەردەمى عەبادى کە حەشد جگە لە شەرعیەتى چەکداریی هێزى پەرلەمانى و یاسایییان وەک ئێستا نەبوو.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ئێن ئاڕ تى زانیویەتى داواکاریی و سەقفى دانوستانەکانى یەکێتى و گۆڕان لەگەڵ پارتى لەهیچ یەکێک لەدانیشتنەکاندا مەسەلەى پۆستە وەزارى و حکومییەکانى تێنەپەڕاندووە و جیاواز لەبەرنامەى کارى حکومەت و داهات و سیاسەتەکانى، پارتى پەیوەندییەکانیشى لەگەڵ بەغدا قۆرغ کردووە و لایەنە بەشدارەکان هیچ ئاگادارییەکیان دەربارەى نییە.

هـ.ح

 

‌بەپەلە