سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆی ئەمریکا دەست لەکاردەکێشێتەوە

حکومەتى ئەمریکا
فۆتۆ: 
2018-12-16

920 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی، ریان زەینک لە کۆتایی ئەمساڵ واز لە کارەکەی دەھێنێت و دەست لەکاردەکێشێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە "وەزیری ناوخۆ، ریان زینک لە دوای دوو ساڵ خزمەتکردن، لە کۆتایی ئەمساڵ واز لە ئەرکەکەی دەھێنێت. ریان ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی بەجێگەیاندووە، سوپاسی دەکەم بەھۆی ئەو خزمەتانەی پێشکەشی وڵاتەکەمانی کردووە". 

ترەمپ راشیگەیاندووە، ھەفتەی داھاتوو ئەو ناوە رادەگەیەنێت کە دەبێتە جێگرەوەی وەزیری ناوخۆ

ریان زینکی تەمەن ٥٧ ساڵ لە دوای ٢٣ ساڵ خزمەتکردن لە ھێزەکانی دەریایی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ خانەنشینکراوە و چووەتە ناو کاری سیاسییەوە.

زینک لەوەتەی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری ناوخۆی ئەمریکا بەھۆی بڕیارە سیاسی و پەیوەندییەکانی خۆی ھەمیشە لە ژێر لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی دابووە

لەوەتەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧، ژمارەیەکی زۆری وەزیری کابینەکەی و کەسانی نزیک لە خۆی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.