مەهدی خالسی یەکێک لە مەرجەعە ئایینیەکانی شیعە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-14
1584 جار خوێندراوەتەوە
مەرجەعێکی ئایینی حکومەتی عێراق هاندەدات داوای قەرەبوو لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکاتەوە، لە پای ئەو زەر و زیانانەی کە لە عێراقیان داوە.
مەهدی خالسی یەکێک لە مەرجەعە ئایینیەکانی شیعە داوای لە حکومەت و لێپرسراوە باڵاکانی عێراق کرد، داوایەکی فەرمی ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی پرۆسەی داگیرکردنی عێراقەوە بەر وڵاتەکە کەوتووە.
مەهدی خالسی مەرجەعی ئایینی شیعەکان لەمیانی وتاری هەینی ئەمڕۆدا ڕایگەیاند، یەکێک لە هەرە ئەرکە سەرەکییەکانی سیاسییەکان و مەرجەعەکان و سەرجەم گەلی عێراق وریایی و بەئاگابوونە بۆ گێڕانەوەی ئەو سەروەت و سامانە لە داگیرکەر وەک قەرەبوو، لەپای ئەو داگیرکارییەی کە ئەنجامیانداوە.
خاڵسی وتیشی، "دەبێت گەل خۆی جوڵە بکات بۆ گێڕانەوەی سەروەت و سامانە بەفیڕۆدراوەکان لە ڕێگەی چاودێریکردنی حکومەتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستە لەسەر حکومەت و دەسەڵاتداران بەرپرسانە داوای قەرەبوو لە حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکەن لەپای ئەو داگیرکاری و وێرانکارییەی بەسەر وڵاتەکەیاندا هێناوە."
ئەو مەرجەعە ئایینیە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو داوایە بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابێت، بەڵام لەناودەچێت ئەگەر داوای نەکرێت و بەدواداچوونی بۆ نەکرێت، کە ئەوەیش بەشێکە لەو مافەی کە داگیرکراوە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو مەرجەعە ئایینیە ئاماژەی بەوەش کردووە، داواکردنی گێڕانەوەی مافەکان و قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە زۆر لەپێشترە لەوەی پەنا ببرێت بۆ کۆمەک و پشتیوانی دەوڵەتان لێرەولەوێ، لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و ئاوارەکان و کەسانی بێکار، چونکە ئەوە مافی هەمووانە و دەبێ کاربکرێت بۆ گێڕانەوەی، کە دەبێت زانایان و وتاربێژان جەختی تەواوی لێ بکەنەوە.
پرۆسەی ئازادکردنی عێراق کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بە جەنگی داگیرکردنی عێراق ناویدەبات، لە ساڵی ٢٠٠٣ و لە ڕۆژی ١٩ی ئازار دەستیپێکرد و لە ١ی ئایاری هەمان ساڵ کۆتاییهات، کە جگە لە ئەمریکا دەوڵەتانی وەک بەریتانیا و چەند هاوپەیمانێکی دیکەی واشنتۆن بەشدارییان تێدا کرد.
ع.م