کچە خوێندکارێک بەهۆی پۆشاکەکەیەوە دەنێردرێتە ماڵەوە

2021-03-01

76791 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کچە خوێندکارێکی ١٧ ساڵ لە کەنەدا بەهۆی ئەوەی مامۆستاکەی وتویەتی کە پۆشاکەکەی نائاسوودەی دەکات، دەنێردرێتە ماڵەوە، دواتر باوکی کچە خوێندکارەکە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا بە توندی وەڵامی خوێندنگاکە دەداتەوە و رەخنەیان لێدەگرێت.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی "لاد بایبڵ"، کچە خوێندکارێک بە ناوی "کریستۆفەر ویڵسۆن" لە کەنەدا بەهۆی پۆشاکەکەیەوە لە خوێندنگا رەوانەی ماڵەوە کرا.

بەپێی قسەی باوکی کچەکە، پۆشاکەکەی مامۆستا و یاریدەری مامۆستاکەی نائاسوودە کردووە و بۆیە ناردوویانەتە لای بەڕێوبەری خوێندنگاکە و دواتر رەوانەی ماڵەوە کراوە.

باوکی وتیشی "ئەمڕۆ زۆر نیگەران و خەمبارم بەرامبەر سیستەمەکەمان، ئەمڕۆ کچەکەم بەهۆی پۆشاکەکەیەوە لەلایەن مامۆستاکەیەوە نێردراوەتەوە ماڵەوە، ئەمە جێگای شەرمە کە لەسەر شتێكی وا لە ٢٠٢١ دا لە پۆل بهێندرێتە دەرەوە و رەوانەی ماڵەوە بکرێت، ئێمە بەردەوام ئەم شتانەمان دەبینی بەڵام هەرگیز بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە دەکرێ لە نیشتیمانی خۆماندا ئەمەمان بەسەر بێت."

لە لێدوانێکدا د.تێری سولیڤان سەرپەرشتیاری قوتابخانەکان لەبارەی ئەم بابەتەوە وتی "قوتابخانەکە ئاگاداری ئەو شتەن کە بەرامبەر ئەو خوێندکارە روویداوە، لەهەمانکاتدا ئێمە لە نیگەرانیەکانی دایک و باوکی تێدەگەین، هەروەها نیگەرانی ئەو تۆمەتانەین کە دراونەتە پاڵ خوێندنگاکە، لە ئێستادا رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و هەتا تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکان، هیچ کۆمێنتێک لەبارەی وردەکاری رووداوەکەوە نادەین."