حەوت هۆکار بۆ دامەزراندی کاری سەربەخۆ

2021-02-28

7994 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دامەزراندنی کاری سەربەخۆ هەرچەندە بەرپرسیاریەتێکی گەورەیە و زۆرجار ئەگەری سەرنەکەوتن زیاترە لە سەرکەوتن، بەڵام هەندێک کەس بوون بە خاوەن کار لە سروشتیانداتیە و باشتر رووبەڕوی رێگری و کێشەکان دەبەنەوە.

"ئاراس عومەر" شارەزای کار و بازاڕگەڕی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک ئاماژەی بە حەوت هۆکار داوە بۆ ئەوەی دەستبکەیت بە کاری سەربەخۆی خۆت.

ھۆکارەکان:

١- بیرۆکەیەکی باشت ھەیە: یەکەم ھۆکاری دەستکردن بە کار ھەبونی بیرۆکەی راستە، گەر ئا لێرەیا بگەڕێمەوە بۆ خاڵەكانی نوسینی پێشو بە ئاشکرا ھەست بەوە دەکەیت کە بۆ نمونە ڕقبون لە بەڕێوەبەرەکەت یان کارەکەت بیرۆکە نین بەڵکو پەرچەکردارن، حەزبون لە پارە بیرۆکە نیە، خواستە. ئەوەی بە ئارەزوی خۆت بێیت و بڕۆیت حەزە، بیرۆکە نیە، بزنسیش بیرۆکەی دەوێت نەک خواست و حەزو پەرچەکردار کە رەنگە ھیچیان وا دەرنەچێت.

٢- دەرفەتێکی راستەقینە دەبینیت لە بیرۆکەکەدا: ھەر بە تەنھا ھەبونی بیرۆکەش گرنگ نیە، دەبێت دەرفەت (Opportunity) ببینی لە بیرۆکەکەدا، بۆ نمونە ئایا دڵنیایت (پێویستیەکی پڕنەکراوە) لە جێگایەکدا ھەیە و ئەم بیرۆکەیەی تۆ دەتوانێت پڕی بکاتەوە؟ ئایا داھێنانێک، خزمەتێکی تازە، شتێکی زیاتر و جیاوازت کردوە کە بە کرداری خەڵک رەنگە حەزیان لێبێت و سودیان پێ بگەیەنیت و ئەوانیش ببنە کڕیارت؟ بەڵام تۆ بچیت کتومت کۆپی ھەمان بزنسێکی تر بکەیتەوە بەبێ وردبونەوە لە (مارکێت شێر)و پێویستی خەڵک و جیاوازبون لەوانی تر، ئەمە لاسایی کردنەوەیە نەک بینینی دەرفەت.

٣- ھەبونی سەرچاوە: ھەبونی کەرەستەو سەرچاوەی باش کە کەسانی تر نیانە ھۆکارێکی باشە بۆ دەستکردن بە کار، بە گشتی سەرچاوەکان سێ جۆرن (داتا و زانیاری، پارە، سەرچاوەی تەکنیکی و مرۆیی).

٤- چارەسەری کێشە، ئاسانکاریی: دەیان جار ئەمەمان وتوە، بزنس دەبێت چارەسەری پێ بێت، یاخود ئاسانکاری بکات، ھەرکات ئەم دوو شتە و بینی و ھەستت کرد بە شتێک دەتوانی چارەسەری کێشەی کۆمەڵە کەسێک، چینوتوێژێکی تایبەت، خەڵکی ناوچەیەک بکەیت، یاخود ئاسانکاریەکی تازەیان پێشکەش بکەیت، ئەوە ھۆکارێکی راستە بۆ دەستکردن بە بزنس و کاری خۆت و لێی مەترسە.

٥- زیاد کردنی بەسود بۆ شتێک کە خۆی ھەیە: ھەندێکجار بزنسێک دەبینی وەک خواست لای خەڵک شتێکی باشە، بەڵام کێشەی ھەیە، یاخود ئیزافەیەکت دێت بە خەیاڵا کە ئەگەر تۆ ئەو کارە بکەیت دەتوانی شتێکی بۆ زیاد بکەیت لەم سیانە (کواڵتی، نرخ، خزمەت و شێوازی بەکارھێنان).

٦- خزمەتی کۆمەڵگا: ئاگاداربە بزنس ھەر بۆ ئەوە نیە خۆت ببیتە ملێۆنێر، ھەندێک جار رەنگە قازانجێکی ئەوتۆش نەکەیت بەڵام خزمەتە بە گەڕەکەکەت، بە شارەکەت، بە خەڵکێکی دیاریکراو، یان دابین کردنی هەلی کارە بۆ چەند کەسێکی تر. ئەمەش ھەنگاوێکی راستە بۆ دەستکردن بە کاری خۆت گەر بیرۆکەکە باش بێت و ئەگەرچی زۆر دەوڵەمەندیشت نەکات با نەبێتە رێگر.

٧- ھەبونی ئەزمونی پێشوەخت: ئەزمون زۆر گرنگە، بەڵام وەک وتمان ئاگاداربە کۆپی مەکە، لاسایی مەکەرەوە، چونکە گەر کۆپیت کرد گەرەنتیت چیە ئەو کڕیارانە دێنە لای تۆو ھەر لای فرۆشیارە کۆنەکە نامێننەوە، کەواتە گەر ئەزمونت ھەبوو لەگەڵ ئەوەی توانیت  (Unique Sale Point)ت ھەبێت و جیاواز لەوانی تر، ئەمانە دو شتی باشن بەیەکەوەو ھەنگاوی راستن، بەڵام بیریشت نەچێت، زۆربەی جار ئەوەی (خەڵک چی پێویستە؟) پرسیارێکی باشترە لەوەی (تۆ چیت پێ دەکرێت؟)


زۆرترین خوێندراو