ڤیدیۆ.. بێژەرێک لە پەخشی راستەوخۆدا سووراوەکەی تۆخ دەکاتەوە

2021-02-27

51949 جار خوێندراوەتەوە

+ -

خانمە بێژەرێکی میسری لە پەخشی راستەوخۆدا پێش تەواو بوونی بەرنامەکەی و لە کاتێکدا هاوکارەکەی بەردەوامە لە خوێندنەوەی هەواڵەکان سووراوەکەی تۆخ دەکاتەوە.

بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بە زوویی بڵاوبووەتەوە خانمە بێژەرێکی کەناڵی " الأولى"ی میسری لە پەخشی راستەوخۆدا بەهۆی هەڵەتێگەیشتنێکەوە ئاگای لە کامێرا نامێنێت و سووراوەکەی تۆخ دەکاتەوە.

لە ماڵپەڕی "روسیا تودەی"دا هاتووە، خانمە بێژەرەکە لە کاتی بینینی جوڵەی یەکێک لە کامێراکان وایزانیووە کە چیتر چاوی کامێراکان لەسەر ئەو نەماوە بۆیە ئەو کارەی کردووە، بەڵام نەیزانیووە کە هێشتا لەگەڵ هاوکارەکەیدا لە پەخشی راستەوخۆدا دەردەکەوێت، لەهەمانکاتدا بەرپرسانی کەناڵەکە وتیان کە ئەو هەڵانە هەر روودەدەن و خانمە بێژەر "ئامیمە تمام" یەکێکە لە دیارترین و لێهاتووترین بێژەرەکانی کەناڵەکە.

بەشێک لە بینەرانی کەناڵەکە لە هەژماری کەناڵەکە لە فەیسبووک لەبارەی ئەم بابەتەوە لە کۆمێنتەکاندا نووسیبوویان "رەنگە بێژەرەکە درەنگ هاتبێت و بیری چووبێت میکیاجەکەی بکات" هەندێکش بە گاڵتەوە نووسیبوویان "ئێمە لە کاتێکی ناوەختدا هاتین و پەلەمان کرد لە تەمەشاکردنی هەواڵەکاندا."