فیلمی 'خێزان' بەرهەمهێنرا

2020-11-29

4225 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فیلمێکی کوردی بەناوی "خێزان" کە ڕێبوار محەمەد کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کردووە، بەرهەمهێنراوە، فیلمەکە باس لە کۆمەڵگەی کوردی و کێشە خیزانییەکان دەکات.

رێبوار محەمەد دەرهێنەر و سیناریۆی فیلمەکە لە لێدوانێکیدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، فیلمی "خێزان" ماوەکەی کاتژمێرێکە و کۆمەڵایەتی و کۆمیدی و تراژیدییە، کۆمەڵێک پەیامی جوانی لە پشتە، کامێرای شەهرام تەهایە و باوەڕ رەفیق کاری مۆنتاژی بۆ کردووە.

دەربارەی ناوەڕۆکی فیلمەکە وتوویەتی "فیلمەکە باس لە خێزانێک دەکات کە یەکێک لە کوڕەکانی سەرکێشە و خەریکی قەرزکردن و خواردنەوە و شەو درەنگ هاتنەوەیە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێز لە خێزانەکەی و دایک و باوکی ناگرێت، لە کۆتاییدا بە کارەساتێک باجەکەی دەدەن".

وتیشی "ئەم جۆرە ڕووداوانە لە ناو کۆمەڵگەکەمان بووەتە دیاردە، لەلایەکی ترەوە باس لە مافی ژنان و ژینگە و بارودۆخی ئێستای گەلەکەمان دەکات وەک نەبوونی موچە و خوێندنی ئۆنلاین و زۆر بابەتی تر".

ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە ٣٥ ئەکتەر لە فیلمەکەدا ڕۆڵ دەبینن، کە دیارترینیان "حەمەعەلی موکری و گێسیا عەلی"یە، فیلمەکە لەزۆربەی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی وێنەگیراوە، لە شەش كەناڵی ناوخۆی و ئاسمانی پەخشدەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ لایەنێک هاوکاری نەکردوون.

رێبوار ئاشکرایکردووە، ئامانجیان لەم کارە هونەری کوردی بە زیندوی بهێڵنەوە و کەلتوری کوردی بپارێزن و بینەر لە درامای تورکی و بیانی دوربخەنەوە، کە هۆکاری تێکچوونی شیرازەی خێزانی کۆمەڵگەن.

ڕونیشیکردەوە، ئەم فیلمە بەشێوەی سینەما لە چەمچەماڵ و ڕانیە و شاری هەڵەبجەش بێبەرامبەر نمایشی بینەران دەکەن.

ڕێبوار محەمەد فیلم ساز ماوەی نۆ ساڵە لەو بوارەدا کاردەکات، نۆ کورتە فیلم و دوو فیلمی درێژی هەیە، تاکو ئێستا خاوەنی چوار خەڵاتی ڕێزلێنانە کە وەک دەرهێنەر وەریگرتووە، زۆربەی کارەکانی بە خۆبەخشانە دەکات.

ئ.ل