ڤاندام بەچکە سەگێک رزگار دەکات

2020-10-23

4430 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەستێرە و شارەزای هونەری جەنگی Jean-Claude Van Damme بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە بەچکە سەگێک رزگار دەکات.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "پیوپڵ"، ئەستێرەی بەلجیکی بەناوبانگ Jean-Claude Van Damme لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە بەچکە سەگێکی سێ مانگی لە جۆری چیواوا رزگار کرد.

بەچکە سەگەکە لەلایەن پیاوێکی نەرویجی بەناوی (ئەلێکس ئایڤرسۆن) لە بولگاریا کڕدراوە و لەوێوە بۆ ئۆسلۆ گواستراوەتەوە، بەڵام کاتێک خاوەنە نوێکەی دەیبات بۆ پزیشکی ئاژەڵان، کارمەندانی ڤێتەرینەرییەکە لە ناسنامەی سەگەکە ورد دەبنەوە و دەبینن کە بەڵگەنامەکانی ساختەیە.

لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار کراونەتەوە و دواتر سەگەکە کەرەنتین کراوە و دواتر داوا کرا سەگەکە بنێردرێتەوە بۆ بولگاریا، بەڵام حکومەتی بولگاریا رەتی کردەوە کە سەگەکە وەربگرێتەوە، هەر بۆیە بڕیار درا کە سەگەکە بەبێ ئازار بکوژرێ.

کاتێک ڤاندام لە کەیسی سەگەکە ئاگادار کرایەوە، رۆژێک پێش رۆژی یادی لەدایکبوونی ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و داوای رزگارکردن و نەکوشتنی سەگەکەی کرد، و لە کۆتایدا حکومەتی بولگاریا رازی بوو کە سەگەکە وەربگرێتەوە و پشکنینی تەواوی بۆ بکات و خاوەنی نوێی بۆ بدۆزرێتەوە.