کچەکەی فەیروز بە نامەیەکی توند هەواڵی مردنی دایکی بەدرۆدەخاتەوە

2020-08-12

5388 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەگەڵ ئەوەی ریما رەحبانی کچەکەی فەیروز هەواڵی مردنی دایکی رەتکردووەتەوە، بەڵام دەنگۆی مردنی بەردەوامبووە لەسەر ئەوە کۆمەڵێک وشەی توندی ئاراستەی ئەو کەسانە کردووە کە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە.

چەند رۆژێک لە پەیج و سایتەکانی بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان هەواڵی مردنی گۆرانیبێژی دیاری لوبنان فەیروز بڵاوکراوتەوە، کە بەهۆی تەقینەوەکەی بەندەری بەیروتەوە فەیروز مردووە، بەڵام هەر زوو کچەکەی فەیروز ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە.

ریما رەحبانی ئێوارەی دووشەممەی رابردوو لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبوک نوسیوویەتی "منداڵەکان بڕۆن و لە دوور یاری بکەن، هەموو شتێکتان بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و هەواڵی ناراستە، لە دەروونە پیسەکەتان بێزار نەبوون".

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، بەس نییە ئەو هەموو خەڵکە برینداربوون تەواو کەس توانای بەرگەگرتنی هەواڵە درۆکانتانی نەماوە، هەروەک نوسیوویەتی "ئینشەڵا خوای گەورە باجی ئەو کارانەتان دەداتەوە".

لە نوسینەکەیدا هاتووە "هیچ سەرچاوەیەکی بەهێز و ماڵپەڕێکی هەواڵی و هونەریی و واتسئاپ و نوسینگەیەکی میدیایتان نییە، تەنیا سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆن".

دواین دەرکەوتنی گۆرانیبێژی لوبنان فەیروز لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بووە کە لە مانگی نیسانی رابردوودا بووە، نزای بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی دەکرد لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدوربن.

نیهاد رەزق وەدیع حەداد کە ناوی هونەرییەکەی فەیروز بووە، ساڵی ١٩٣٥ لە بەیروت لەدایكبووە، گۆرانیبێژێکی لوبنانییە، لەگەڵ عاسی رەحبانی هاوسەری و مەنسور رەحبانی برایدا چەندین ئۆپێرا و گۆرانی پێشکەشکردووە کە ژمارەیان دەگات بە ٨٠٠ گۆرانی، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە، ناوبانگێکی زۆری هەبووە لە وڵاتانی عەرەبیی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەندین وڵاتی جیهاندا، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە تاوەکو ئێستا گۆرانییەکانی لەناو خەڵکدا بڵاوە و گوێگرێکی زۆری هەیە.

ئ.ل