ڤیدیۆ.. محەمەد عەساف ژیانی هاوسەریی پێکهێنا

2020-08-12

23625 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هاوسەرگیریکردنی هونەرمەندی  گۆرانیبێژی فەلەستینی محەمەد عەساف تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتەی تەنیوە، بە جۆرێک بەکارهێنەران بە دوای ناسنامەی هاوسەرەکەی عەسافەوە بوون.

عەساف بە نهێنی لە شاری دوبەی چەند رۆژێکە ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە خەڵکی بەدوای ناسنامەی هاوسەرەکەیەوە بوون، دەرکەوتووە کە عەسافی تەمەن ٣١ ساڵ هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکدا کردووە بەناوی ریم عەودە کە کچێکی فەلەستینییە و خەڵکی قودسە، خانەوادەکەی لە سعودیە دەژین، لە باوکێکی فەلەستینی و دایکێکی دانیمارکی لەدایکبووە و تەمەنی لە بیستەکاندایە، بەڵام هیچ زانیارییەکی تەواو لەلایەن عەسافەوە ئاشکرانەکراوە، هەروەک سەرچاوە عەرەبییەکان ئاماژەیان پێکردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان چیرۆکی خۆشەویستی ئەو گۆرانیبێژە و کچە فەلەستینییەکە بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە کە لە ئیمارات یەکتریان بینیوە و لە مانگەکانی کۆتای رابردوودا پەیوەندیی خۆشەویستیان دروستکردووە.

ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان بە ئامادەبوونی هاوڕێ و خێزانی هەردوولا بووە، بەهۆى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاهەنگێکی بچوکیان سازکردبوو.

عەساف پێشتر و چوار ساڵ بەر لە ئێستا پڕۆسەی دەستگیرانی لەگەڵ لینا قیشاوی کچە رۆژنامەنوسێکی فەلەستینی پێکهێنا، بەڵام دوای ماوەیەک جیابوونەوە.

محەمەد عەساف لە ساڵی ١٩٨٩ لە فەڵەستین لە دایکبووە، لەساڵی ٢٠١٤ بەشداری لە پرۆگرامی بەرنامەی عەرەب ئایدڵ کرد لە کەناڵی MBC پەخشدەکرا، کە توانی زۆرترین کورتەنامەی بۆ بێت و لە بەرنامەکە پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت، یەكێک لە هاورێیانی بەشداربووی بەرنامەكە هونەرمەندی كورد پەرواز حسێن بوو.

ئ.ل