هەرگیز ئەم خواردنانە لە بەیانیاندا مەخۆن

2020-08-07

1641 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەگەرچی پزیشکان ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن لە گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان، بەڵام ئاشکرایانکردووە هەندێک خۆراک بۆ ژەمی بەیانی نابێت و زیانی تەندروستیی هەیە.

ماڵپەڕی "hanshureddy" لە بابەتێکی تەندروستیدا نوسیوویەتی، شیرینی "دۆنات" خراپترین جۆری خواردنە ئەگەر لە ژەمی بەیانیان بخورێت، بڕێکی زۆر کالۆریی تێدایە و بە شوکولاتە و مرەبا ڕازێنراوەتەوە.

لە هەر پارچەیەک دۆناتدا بڕی ٣٠٠ بۆ ٥٥٠ کالۆریی تێدایە، کە هۆکارە بۆ خێرا بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا، ئەگەر بە بەردەوامییش ئەو خۆراکە لە بەیانیاندا بخورێت ئەگەری هەیە کەسەکە تووشی نەخۆشیی شەکرە ببێت.

بسکویت کە زۆربەی وڵاتان لە ژەمی بەیانیان دەیخۆن زیانی هەیە، بەپێی پزیشکان بەهۆی بەرزیی ئاستی کلۆریدی سۆدیۆم لەو جۆرە بسکویتانەدا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن لە لەشدا.

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکانیش بەهۆی خواردنی گۆشتی دەستکرد رێژەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە زیادیکردووە، کە ڕێژەیەکی زۆر ماددەی کیمیایی تێدایە.

ئەگەر یەکێکی لەو کەسانەی بەیانیان حەز بە خواردنەوەی قاوە دەکەیت کە تۆزی شەکر یان شیری تێدابێت، باشترە بە خێرایی لە خواردنەوەی بوەستیت، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی توشبوون بە گرفتەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێندا.

ئەو شیرینیانەی لە شێوەی حەبدان و یان لە پاکەتدان تێکەڵ بە شیر دەکرێت و زۆرکەس بەیانیان بە منداڵەکانیانی دەدەن، پزیشکان هۆشداریی ئەو جۆرە خواردنە دەدەن، کە هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، ئاشکراشی دەکەن، ئەو جۆرە خواردنە تەنانەت بۆ کەسانی گەورەش مەترسیدارە.

بەپێی توێژینەوەیەکی دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، ئەو جۆرە شیرینیانەی لە شێوەی حەبدان یان قەبارەیان بچوکە و لە پاکەتدان، مەترسیی توشبوونی منداڵ بە کەمبوونەوەی جوڵە و گەشەی لێ دەکەوێتەوە.

ئەگەر یەکێکی لەوانەی بەیانیان حەز بە خواردنی سەمونی شیرین "بیگل" لەگەڵ پەنیر دەکەیت، هەڵبژاردەیەکی باش نییە بۆ بەیانیان، چونکە بۆ کرداری هەرس قورسە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەیەکی زۆر گلۆتینی تێدایە، کە پێکهاتەیەکی پڕۆتینییە.

بەپێی پزیشکان، لەبری ئەوەی میوەکان بکرێن بە شەربەت و لە بەیانیاندا بخورێنەوە، بە شێوەی میوە بخورێن تەندروستترە، چونکە ئەگەر بە شێوەی شەربەت بخورێنەوە ئەوا بڕێکی زۆرتری لێ دەخورێت، کە ئەوەش زیادەڕەویکردنە لە خواردنیدا، هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر و توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە.