کەچەڵیی پیاوان بەهۆی چییەوەیە؟

2020-08-06

17720 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێک پیاوان لە گەنجیاندا وردە وردە قژیان لەدەست دەدەن و ئەمەش کێشەیەکی زۆری دەروونیان بۆ دروست دەکات، سەبارەت بەم بابەتە ماڵپەڕی "Business Insider" دیمانەیەکی لەگەڵ پسپۆڕێکی بواری پێستدا ڕێکخستووە.

بە گشتی کە باسی کەچەڵ بوون دەکرێت، مەبەست پێی کەمبوونەوە و نەمانی قژی نێرینەکانە کە لە زانستدا پێی دەوترێت (androgenetic alopecia)، لەم بارەدا سەلکی مووەکان بە تێپەڕبوونی کات و بە هێواشی لاواز و بچوک دەبنەوە، تاکو وایان لێدێت چیتر ناتوانن موو دروست بکەن.

دکتۆر جێنیفەر چوالێک پسپۆڕێکی پێستە لە ئەمریکا و ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری ئەمەش بە گشتی بۆماوەییە و زیاتر لە سەری دایکەوە بۆ پیاوان دەمێنێتەوە، واتا ئەگەر باوکی کەسێک کەچەڵ بێت ئەگەری کەچەڵ بوونی ئەو کەسە کەمە، بەڵام ئەگەر برایەکی کەچەڵ بێت ئەگەری زیاترە.

بە پێچەوانەی بیروباوەڕە باوەکەوە، کەچەڵی مانای ئەوە نییە کە کەسەکە هۆرمۆنی نێرینەی زۆرە، بەڵکو تەنیا ئەوەندەیە کە سەلکی مووەکانی هەستیار دەبن بە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و بەربەرە بەهۆیەوە لاواز دەبن.

ئەو پیاوانەشی کە کەچەڵبوون لە چارەنووسیاندا نووسراوە لە ٣٠ ساڵیدا بە تەواوی هەستی پێدەکەن، ئەگەر کەسێک دوای ئەوە مووی سەریشی کەم بووبێتەوە هێشتاش ئەگەری کەچەڵبوونی کەمە.

ب.ع