لێکردنەوەی پێستی زیادەی دەوری نینۆکەکان رووبەڕووی مەترسیت دەکاتەوە

2020-07-16

6278 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دکتۆڕێك بەناوی ئەنجیلیکا شماکۆفا، پسپۆڕی بواری نەخۆشییەکانی پێست ئاماژەی بەوەکردووە، لێکردنەوەی پێستە زیادەکانی دەوری نینۆکەکان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی زیاتر دەکات.

بەگوێرەی وتەی ئەم پزیشکە کە ماڵپەڕی روسیا تودەی ئاماژەی پێکردووە، لێکردنەوەی پێستی دەوری نینۆکەکان بە ددان دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێکی کراوە لەو ناوچەیەدا، و بەهۆی ئەوەی لەناو دەمدا ژمارەیەکی زۆر بەکتریا و زیندەوەری زیانبەخش هەیە، ئەگەر لەرێگەی لیکەوە بچێتە برینەکەوە ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی هەوبکات و بئاوسێت.

هەروەها دەکرێت ئەم برینانە ببنە هۆی کردنەوەی دەرگایەك بۆ چوونە ژوورەوەی بەکتریا و میکرۆب بەتایبەت لە کەشی پیسدا،  لە حاڵەتێکدا ئەگەر سیستمی بەرگری لاوازبێت و کەسەکە نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، "کاتێك ئەو ناوچەیەی دەوری نینۆکەکان هەودەکات دەبێت بەزووترین کات چارەسەر بکرێت چونکە ئەگەری هەیە هەوکردنەکە بچێتە ژێر نینۆکەکەوە و ببێتە هۆی تووشبوون بە ئازاری زۆر و ئاوسان، و ئەگەر ئەم حاڵەتە گەشە بکات ئەگەری هەیە هەوکردنەکە بگات بە پەنجەکانی دیکە و دوای ئەمەش ئەگەری ژەهراویبوونی خوێن زیاتر دەبێت و لەم حاڵەتەشدا مەترسی لەسەر ژیان دروست دەبێت".

ژ.ن