زۆر بەکارهێنانی هەویری ددان بۆ منداڵان ئەم مەترسیەی هەیە

2020-07-13

1703 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەپێی توێژینەوە تەندروستییەکان، بەکارهێنانی هەویری ددان بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ منداڵ لەبری ئەوەی سوودی هەبێت، زیان بە ددانی دەگەیەنێت.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "BBC"، لە توێژینەوەیەکی ئەمەریکیدا، کە پێنج هەزار منداڵ تێیدا بەشداربوون و تەمەنیان لە سێ ساڵییەوە بۆ ١٥ ساڵی بووە، دەرکەوتوە نیوەی ئەو منداڵانە هەویری ددان بە ڕێژەیەکی زۆر بەکاردەهێنن بە جۆرێک هەموو فڵچەی ددانەکەی دەگرێتەوە، زیاتر ڕووبەڕووی ژەهراویبوون بە ماددەی فلۆراید بوونەتەوە، کە هۆکاربووە بۆ کلۆربوونی ددان، هەستکردن بە ماندویتی و بێهێزی.

زانایان ئاشکرایانکردوە، بەکارهێنانی هەویری ددان بە بڕێکی زۆر، زیان بە مینای ددان دەگەیەنێت و بڕی فلۆراید زیاتر دەبێت کە کاریگەریی لەسەر پوک و ددان دەبێت، جگە لەوەش، دەبێتەهۆی تێکدانی Pineal gland، کە جۆرێکە لە غودە و لە مێشکدایە و بەرپرسە لە ئەرکەکانی جەستە لەکاتی خەودا.

پزیشکان ئامۆژگاریی دایکان و باوکان دەکەن، جۆرە هەویرێکی ددان بۆ منداڵەکانیان بەکاربهێنن کە بڕی فلۆرایدی کەمبێت و لە ماددەی سروشتی دروستکرابێت، لەکاتی ددان شتندا بڕێکی کەم لە هەویری ددان بخرێتە سەر فڵچەکانیان.

ب.ع