ئەم وڵاتانە نرخى بەدەستهێنانى پاسپۆرت و رەگەزنامەیان داشکاند

2020-07-13

6459 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەشێک لەو وڵاتانەى کە رەگەزنامە و پاسپۆرتى خۆیان بەپارە یان بە خستنەگەڕى پارە لەوڵاتەکانیاندا دەبەخشنە کەسانى بێگانە، داشکاندن لەنرخى پێدانى پاسپۆرت و رەگەزنامەدا دەکەن.

سایتى بلومبێرگ بڵاویکردەوە کە هەردوو دوورگەى (سانت کیتس) و (نیفیس) لە دەریاى کاریبى، کە دوو دوورگەى سەقامگیرن و ژمارەى دانیشتوانیان ٥٣ هەزار کەسە، داشکاندنیان لە بڕى ئەو پارەیەدا کردووە کە پێشتر بۆ هەرکەسێکى بێگانە دیاریان کردبوو تا رەگەزنامەو پاسپۆرتى پێ ببەخشن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیاتر راکێشانى خەڵکى بێگانەو کۆنترۆڵکردنى کێشە داراییەکانیان.

ئەو دوو دورگەیە ئۆفەرێکیان بۆ ئەوانە دیاریکردووە کە دەیانەوێت رەگەزنامە و پاسپۆرت بەدەست بێنن، کە تاکۆتایى ئەمساڵ دەتوانن بەبڕى ١٥٠ هەزار دۆلار ببنە خاوەنى، ئەم بڕە پارەیەش رەگەزنامە و پاسپۆرتى خێزانێکى چوار کەسى دەگرێتەوە و بەپێى ئەو نرخە نوێیەش دوورگەکان بەڕێژەى ٪٢٣ داشکاندنیان کردووە، چونکە نرخى پێشتر بەدەستهێنانى رەگەزنامە و پاسپۆرت ١٩٥ هەزار دۆلار بوو.

بەپێى سایتى بلومبێرگ، هەندێک دوورگەى تر هەن لەو ناوچەیە، لەداهاتوودا ئۆفەرى هەرزانتر دەخەنەڕوو، لەنێو ئەوانەشدا (دۆمینیکا، ئەنتیگوا، بەربۆدا)، کە رەنگە نرخى بەدەستهێنانى رەگەزنامە و پاسپۆرت لەم دورگانە دابەزێت بۆ بڕى ١٠٠ هەزار دۆلار.

ئ.ل