پیاوێکی یابانی بە تۆمەتی کونکردنی تایەی زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دەستگیرکرا

2020-07-07

2786 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕێگا زۆرە بۆ ئەوەی کەسێک لە ڕەگەزی بەرامبەر بدۆزیتەوە و کەمێک لەگەڵی بدوێیت، بەڵام وادیارە پیاوێکی یابانی خراپترینیانی هەڵبژاردوە و تایەی زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلی کون کردوە بۆ ئەوەی دواتر یارمەتیی خاوەنەکانیان بدات و بەوەش خۆی لێیان نزیک بکاتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "Oddity Central"، پیاوەکە تەمەنی ٣٢ ساڵە و خەڵکی وڵاتی یابانە، لە ماوەی ڕابردوودا هەستاوە بە کونکردنی تایەی زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل، کە خاوەنەکانیان ژن بوون، ئەمەشی لەپێناو ئەوەدا کردوە دواتر دەستی یارمەتیی بۆ ژنەکان درێژ بکات و بەو بۆنەیەوە خۆی بکات بە هاوڕێیان.

ڕۆژی ١١ی مانگی ڕابردوو، ژنێکی تەمەن ٤٣ ساڵ بۆ ماوەیەکی کەم ئۆتۆمبێلەکەی لەبەردەم سوپەرمارکێتێکدا ڕادەگرێت و دواتر کە دەست بە ڕۆشتن دەکات دەبینێت کە تایەیەکی وردە وردە هەوای لێ کەم دەبێتەوە، کە ئۆتۆمبێلەکەی ڕادەگرێت دەستبەجێ پیاوێک دێت و دەیەوێت هاوکاری بکات، ژنەکەش پێی سەیر دەبێت کە ئەم پیاوە چۆن خێرا ئامادە بوە، دوای کەمێک ساڵی پاری بەبیر دێتەوە کە هەمان پیاو دوای ئەوەی تایەی ئۆتۆمبێلەکەی پەنجەر بوە هاتوە بۆ یارمەتیدانی.

بۆیە ژنەکە پۆلیس بانگ دەکات و دوای تەماشاکردنەوەی کامێرای چاودێریی سوپەرمارکێتەکە دەبینن کە ئەو پیاوە بوە هەستاوە بەو کارە و یەکەم جاریشی نییە، بەڵکو هەمان کاری لەگەڵ زیاتر لە هەزار ژندا کردوە.

شایەنی باسە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم پیاوە کە ناوی یۆشیتۆ هارادایە دەستگیر بکرێت، ساڵی ٢٠١٣ش بە هەمان تۆمەت جارێکی دیکە دەستگیرکراوە، بەڵام دوای سزای ماددی ئازاد کراوە.

ب.ع