کاریگەریی خواردنی شەوان لەسەر تەندروستیی ژنان

2020-04-06

6556 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێ کە لایەن زانایانی زانکۆی کۆڵۆمبیاوە ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە خواردنی ژەمی درەنگی شەوان لە ژناندا گرێدراوە بە کێشەی کۆئەندامی دڵ و خوێنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "medicalnewstoday" تیمێک زانای ئەمریکی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، توێژینەوەیان لەسەر ١١٢ ژنی تەندروستکردووە کە تێکڕای تەمەنیان ٣٣ ساڵ بووە، بۆ ماوەی یەک ساڵ سەرنجی ژەمی خۆراک و کاتی ژەمەکانیان داوە و دوای تەواوبوونی ساڵەکە، پشکنینیان بۆ تەواوی ژنەکان کردووەتەوە و گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەو ژنانەی درەنگانی شەو نانیان خواردووە وردە وردە لە دڵ و شاخوێنبەرەکانیاندا هەستیان بە کێشەکردووە، دیاریکراویش هەر خۆراکێک کە دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە خورابێت کێشەی لە پەستان و شەکرەی خوێندا دروستکردووە.

شایەنی باسە ئەمە یەکەمجارنییە توێژینەوەیەک دەریبخات کە خواردن لە کاتە درەنگەکاندا زیانی بۆ تەندروستی هەیە، لەم دواییانەدا توێژینەوەیەک ئەوەی ئاشکرا کرد کە خواردنی بەیانیان کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر دابەزاندنی کێش و خواردنی درەنگیش بە پێچەوانەوە.