ئایا بەکارهێنانی کلێنسی تەوالێت تەندروستە؟

2020-04-06

30586 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە جیهاندا، خەڵکی لە وڵاتە جیاجیاکان هەرایەکی زۆریان نایەوە سەبارەت بە کلێنسی تەوالێت و بەشێکی زۆریان پەلاماری فرۆشگاکانیان دەدا تاکو دەستیبخەن، ئەمەش قەیرانی کلێنسی تەوالێتی دروستکرد.

رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ئەم هەڵپەیەی خەڵکی بۆ کلێنسی تەوالێت لە چەندین جێگەی جیاوازی جیهاندا نیشانی پرسیار و نیشانەی سەرسوڕمانیشی دروستکردووە، بە تایبەت کە نیشانەکانی کۆرۆنا لە کۆئەندامی هەناسەدا دەردەکەوێت نەک هەرس.

رۆژنامەکە بەردەوامبدەێت و ئاماژە بەوە دەکات، بەکارهێنانی کلێنسی تەوالێت تەکنیکێکی کۆنە و توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بەکارهێنانی کاریگەر نییە و تەندروستیش نییە.

ئەمەش ئەوەبوو کە دکتۆر فیلیپ چارلییە پزیشکی یاسایی لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٢دا جەختی لێکردووەتەوە، توێژینەوەکە ناوی "پاکوخاوێنیی تەوالێت لە سەردەمی کلاسیکدا"یە و لە جۆرناڵی پزیشکیی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە.

چارلییە دەڵێت، "خۆپاککردنەوە بە ئاو کاریگەرتر و تەندروستترە و سوودیشی بۆ ژینگەش هەیە." بەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە فڕێدانی بڕێکی زۆر لە کلێنسی تەوالێت چارەنووسێکی باشی نابێت، هەم بۆ ماڵان هەم بۆ سیستمی ئاوەڕۆی شارەکان.

دکتۆر راندۆڵف بێڵی پسپۆڕی نەشتەرگەریی قۆڵۆن لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی تەکساس مکگۆڤێرنی ئەمریکاش ئامۆژگاری خەڵکی دەکات کە ئاو بەکاربهێنن و دەڵێت، "زۆربەری ئەوانەی دێن بۆ بینینی من خووروویەکیان لەو ناوچەیەدا هەیە، ئەمەش بۆ سڕینی بەهێز یاخود بەکارهێنانی کلێنسێک دەگەڕێتەوە کە ماددەی کیمیایی زەرەرمەندی تێدابێت."

راندۆڵف دەشڵێت، "کلێنسی تەوالێت بەشێوەیەکی کاریگەر پاککەرەوە نییە، پاککردنەوەی نیوەناچڵیش دەکرێت مرۆڤ تووشی نەخۆشیی مەترسیدار بکات، وەک کۆلێرا و هەوکردنی جگەر و هەوکردنی قۆڵۆن."

ب.ع