بۆچی پانتۆڵی کابۆ ئەو پارچە کانزایانەی پێوەیە؟

2020-04-05

105653 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پانتۆڵی کابۆ یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی جلوبەرگی هەموو رەگەزەکان، باوترین رەنگیشی شینە، بەڵام ئەم پانتۆڵە بەناوبانگانە لە هەندێک شوێنیاندا چەند پارچە کانزایەکی بازنەیی نامۆیان پێوەیە کە زۆرکەس نازانن بۆچی لەوێدا بوونیان هەیە.

بەپێی ماڵپەڕی تودەی، یەکەم کابۆ لە ساڵی ١٨٧٩دا لەلایەن کۆمپانیای لێڤی شتراوسەوە بەرهەمهێنرا، بەهۆی بەرگەگریی قوماشەکەیەوە سەرەتا تەنیا کرێکار و دارتاش و ئاسنگەرەکان لەبەریاندەکرد، یاخود ئەو کرێکارانەی دەچوونە نێو کانی خەڵوز و بەردەکانەوە.

لەبەر ئەوەی لە ئۆفیسێک یاخود شوێنێکی گونجاودا کاریاننەدەکرد و کارەکانیشیان زۆر قورسبوو، جلوبەرگی ئاسایی بەرگەی نەدەگرتن، بۆیە پێویست بوو جلێکی ئاوا بەهێزیان بۆ دروستبکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک ئەم جلەش کێشەی بۆ دروستبوو لە هەندێک شوێندا دەدڕا.

دواتر بۆ رێگەگرتن لە دڕانی پانتۆڵەکان، بەرهەمهێنەرەکان بڕیاریاندا چەند پارچە کانزایەک بەو شوێنانەوە داکوتن کە زۆرترین جار دەدڕێن لەکاتی راکێشان و پیاکێشاندا.

هەرچەندە ئێستا کابۆ هەمان ئامانجی جارانی نەماوە و زیاتر لە بواری مۆدەدا بەکاردێت، بەڵام بەهۆی بوونی خواستێکی زۆر لەسەر شێوازەکەیەوە، ئەو پارچە کانزایانە هێشتاش ماون.

ب.ع