باشترین رێگە بۆ پاککردنەوەی فڵچەکانی ماکیاژکردن

2020-03-25

3990 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فڵچەکانی ماکیاژکردن و کەرەستەکانی جوانکاریی وەکوو هەر شتێكی دیکە پێویستییان بە پاککردنەوەیە بەشێوەیەکی رۆژانە هەروەها گرنگە دەرمانی پاکژکەرەوەیان بۆ بەکاربهێندرێت بۆئەوەی کۆتایی بەو ڤایرۆس و بەکتریایانە بهێندرێت کە لەسەریان کۆبوونەتەوە.

بەگوێرەی بابەتێکی بواری جوانکاری ماڵپەڕی "لوبنان ٢٤" ئاماژەبەوەکراوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە هەموو کاتێکی تر زیاتر پێویستە کەرەستەکانی جوانکاریی پاكبکرێنەوە، بەتایبەت فڵچەکان چونکە بە ژینگەیەکی گونجاو دادەندرێن بۆ بەکتریا و ڤایرۆسەکان.

لەو بارەیەوە دکتۆرە ئەنجیلا راسمۆسن، زانای بواری ڤایرۆسەکان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا رێنمایی دەدات بەوەی فڵچەکانی جوانکاریی لە هەفتەیەکدا جارێك بشۆردرێن هەروەها لەم کاتەدا کە نەخۆشی بڵاوبووەتەوە دەبێت هەموو رۆژێك یان رۆژنەڕۆژێك بشۆردرێت.

هەروەها دەڵێت: "لەبیرت بێت ئەو فڵچانە کاتێك بە پاکی دەمێننەوە ئەگەر بە دەستی پاکەوە بەکاریانبهێنیت، بۆیە دەبێت بەردەوام دەستەکان پاكبێت، بەتایبەت بەر لە ماکیاژکردن گرنگە دەستت بشۆیت".

رێنمایی بەوەشدەدات، باشتروایە لە پێشدا فڵچەکان بخرێنە ناو زەیتی زەیتوونەوە ئینجا بە ئاوی گەرمی شلەتێن و سابوون بشۆردرێن، هەروەها دەسکەکەیان بە دەرمانی پاکژکەرەوە پاڵبکرێتەوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە کە گرنگە هەموو قوتووە ماکیاژەکانی دیکە پاكبکرێنەوە بە ماددەی پاکژکەرەوە کە راددەی کحولەکەی %٧٠ بێت.

ژ.ن