پاوڵ مۆریات؛ ئەو ئاوازدانەرە فەڕەنسییەی جیهانی سەرسام کرد

2020-02-18

1778 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاوڵ جولیان ئەندرێیە مۆریات لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا چووەتە پەیمانگای میوزیک و لە ١٨ ساڵیشدا گروپێکی ئۆرکێسترای پێکهێنا.

باوکی پاوڵ مۆریات کە وێڕای ئەوەی فەرمانبەری پۆستەو گەیاندن بووە،  ژەنینی لەسەر هەردوو ئامێری پیانۆ و کەمجانچە زانیوە هەربۆیە ساڵی ١٩٢٩ یارمەتی کوڕەکەی داوە کە تەمەنی تەنها ٤ ساڵ بووە، فێری ژەنین لەسەر ئامێری پیانۆ ببێت، کە دواتر بووە بلیمەت لە ژەنینی ئەو ئامێرەدا.

پاوڵ مۆریات لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا چووە پەیمانگای میوزیکی (کۆنسێرڤەتوار) لە شاری مارسیلیا ، بە پلەی نایاب بڕوانامەی بەدەستهێنا، کاتێکیش گەیشتە تەمەنی هەرزەکاریی، خولیای میوزیکی جاز و میوزیکە میللییەکان بوو.

لە تەمەنی ١٧ ساڵیشدا گروپێکی ئۆرکێسترای پێکهێنا، لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمیشدا لەهەموو خاکی فەڕەنسا ئاهەنگی سازدەکرد، تا هیوایەک بە گەلەکەی ببەخشێت بۆ گەیشتن بە دواڕۆژێکی ئاشتیانە.

لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابروودا میوزیکەکانی هەواداری لە هەموو جیهان پەیداکردبوو، بەو پێیەی ئاوازەکانی ڕۆمانسی و هێمن و سۆزداریی و هەستوروژێن بوون، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت جوانی و ڕەونەقیان لەدەستنەداوە.

مۆریات بە دانانی ئاوازی سوک (Light Music) بەناوبانگبوو کە جۆرێکە لە میوزیکی ئۆرکێسترالیی سوک، هەر بۆیە میوزیکەکانی وەک باکگراوند بۆ چەندین بۆنەی کۆمەڵایەتی و ئاهەنگەکان بەکاردەهێنران.

مۆریات لەسەرەتادا بەناوێکی نەخوازراوەوە خۆی ناسان کە ئەویش (دێل ڕۆما) بوو،ساڵی ١٩٦٨ کاتێک میوزیکی (Love is Blue) ی تۆمارکرد و بەهۆیەوە بووە ئەستێرەیەکی جیهانی سەرنجی گۆرانیبێژی جیهانیی Charles Aznavour ی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کە داوای لێکرد هاوکاریی بکات و لەگەڵیدا و لەکاتی سازکردنی گۆرانییەکانی ببێتە مایسترۆ.

ساڵی ١٩٦٩ گروپە ئۆرکێسترالییەکەی گەشتێکی درێژخایەنی بەجیهاندا کرد و تیایدا کارە هونەرییەکانی، لە ئەمریکا و کەنەدا و ژاپۆن و کۆریای باشور و بەڕازیل و یەکێتی سۆڤیەت و چەندین وڵاتی تر پێشکەشکرد، لە ساڵانی ١٩٨٥ و ١٩٨٦ و ١٩٨٧ دا شاکارە میوزکەکانی وەک باخ و شۆپان و بانونی بە دابەشکردنێکی نوێیەوە پێشکەشکرد.

جگە لەوەی سەرلەنوێ ئاوازەکانی گروپی (بیتڵز) ی بەشێوازێکی سەرنجڕاکێش پێشکەشکردەوە، مۆریات تا ساڵی ١٩٩٨ لە گەشتەکانی بەردەوام بوو کە تیایدا دواین ئاهەنگە میوزیکەکانی لە شاری ئۆساکا لە ژاپۆن پێشکەشکرد.

بەناوبانگترین ئەلبومەکانی پاوڵ مۆریات Taxi to Tobruk و The Godfather و Plast Bankو Horace ٦٢ و The Phantom of the Opera ،  مۆریات زیاتر لە ٤٠ ملیۆن ئەلبومی بەرهەمە میوزیکەکانی فرۆشراون، بەڵام کاتێک ساڵی ٢٠٠٦ لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد گروپە ئۆرکێستراکەی لەکارکەوت و دواتر هەڵوەشایەوە.

لێرەدا ئەو ئەو پارچە میوزیکەی  پاوڵ جولیان ئەندرێیە مۆریاتی پێشکەش دەکەین کە گەیاندە لوتکەی ئاوازدانان و ٢ ملیۆن ئەلبومی لێفرۆشرا، ئاوازی (Love is Blue) لەبنەڕەتدا ئاوازی (Andrei Popp) بوو کە مۆریات دووبارە بەجوانترین شێواز کاری دابەشکردنی میوزکی بۆ کردەوە بۆ ماوەی ٥ هەفتە لە لوتکەی ئەلبومەکانی میوزیک بوو لە ئەمریکا.