ئایا شامپۆ پاککەرەوەکان دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناوبەرن؟

2020-02-17

3324 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە زۆر ڕێگەوە بۆ کەسەکان دەگوازرێتەوە، لەوانەش لە ڕێگای چاو و دەم و لوت، هاوکات دەستەکانیش ئەگەر پاک نەبن ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیان زۆرە.

لەو بارەیەوە زانایان باس لە پاککردنەوە و خاوێنڕاگرتنی دەستەکان دەکەن بەوەی لە زۆرینەی نەخۆشییەکان دەتپارێزێت، لەو بارەیەوە ریچارد داود کە پزیشکێکی بەریتانیە باس لەوە دەکات، "شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون و پاشان سڕینەوەیان بە پارچە قوماشێکی وشک، ڕێگەیەکی ئاڵتونییە بۆ خاوێنی دەستەکان".

ستیڤن تێرنەریش کە مامۆستایەکی زانکۆیە لە ئوستورالیا باس لەوە دەکات، "پاککردنەوەی دەست، ڕێگەیەکی باشە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

دەربارەی پاککەرەوەی دەستەکانیش باس لەوە دەکات، "ئەو پاکەرەوانە لە ئیسانۆڵ پێکهاتوون، هاوکات چەند ماددەیەکی لەناوبەری میکرۆبەکانیشیان تێدایە کە پێکدێن لە کلۆرید بێنزالکۆنیۆم و تریکلۆسان"، ڕوونیشیکردووەتەوە، "سەرەڕای ئەوەی ئەم پاککەرەوانە دژە بەکتریایان زیاتر تێدایە، بەڵام شۆردنی دەستەکان بە ئاو و سابوون و پاشان پاککردنەوەیان بەو پاککەرەوانە یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ لەناوبردن و لابردنی ڤایرۆس لەسەر دەستیان".

ڕاشیگەیاندووە، "لەو کاتەی کەسێک تووشی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، ڕەنگ زۆرجار بکۆکێت یان بپژمێت یان لوت و چاوی بسڕێت، کە ئەمانەش بە دەستی ئەنجامدەدات، بۆیە دەکرێت لەو ڕێگەیەوە ڤایرۆسەکە بۆ سەر دەستی کەسەکە بگوازرێتەوە و لەوێشەوە بەهۆی بەرکەوتنەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە."

بۆیە لەو ڕێنماییە پێویستانەی کە بنکە تەندروستییەکان دەیدەنە خەڵک ئەوەیە، خاوێنی دەستەکانیان ڕابگرن و ڕۆژانە دەستیان بە ئاو و سابون بشۆن بۆ ماوەی ٢٠ چرکە کەفەکە بە دەستیانەوە بمێنێتەوە و جوان دەستەکانیان پاکبکەنەوە، بە تایبەتیش لە پاش ڕۆیشتنە دەستشۆر، یان پاش پژمین و کۆکین یان لوتسڕین، لە پێش نانخواردن.

ڕێنمایی هاوڵاتییانیش دەکەن، لە کاتێکدا ئەگەر ئاو و سابوون بەردەستنەبوو، دەتوانن پاککەرەوەی دەستەکان بەکاربهێنن کە ماددەی کهولی بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی %٦٠ تێدا بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هەرێمی وهانی چین سەری هەڵدا و تەشەنەی کرد، کە لە دوایین ئامارەکاندا بووەتە هۆی گیانیان لەدەستدانی هەزار و ٧٧٠ کەس و ژمارەی توشبووانیش بۆ ٧٠ هەزار و ٥٠٠ کەس بەرزبووەتەوە.

بەوهۆیەشەوە لە تەواوی جیهاندا ڕێنمایی بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دەدرێتە هاوڵاتییان و داوایان لێدەکەن خۆیان بپارێزن و گرنگی بە خاوێنی بدەن.

هـ.ئـ