چۆن خۆت لە نزگەرە رزگاردەکەیت؟

2020-02-17

5448 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لەوانەیە زۆرکات بەسەرتداهاتبێت کە دەیان جار نزگەرەدەکەیت و ئیتر گومانت بۆ دروستدەبێت لەوەی کە کۆتاییەکی هەبێت، لەوەودوا بیر لە چارەسەری سەیردەکەیتەوە بۆ رزگاربوون لێی.

ناوپەنچک ئەو ئەندامەی خوار سییەکانمانە کە بە گرژبوون و خاوبوونەوەی ئێمە سییەکانمان گەورە و بچوکدەبێتەوە و دەتوانین هەناسەبدەین، بەگشتی بێ ئەوەی ئاگامان لێیبێت کاری خۆی دەکات، کاتێک ئەم ئەندامە تووشی خوروو دەبێت کارکردنی تێکدەچێت و لەخۆڕا زوو زوو بەخێرایی دەچێتە خوارەوە، ئەو هەوایەشی لەئەنجامی تەختبوونی ناوپەنچکەوە دێتە نێو قوڕگمان بەر دەنگەژێکانمان دەکەوێت و دەنگی نزگەرە دروستدەکات.

بەپێی ماڵپەڕی مایۆ کلینیک، چەند هۆکارێکی جیاواز هەن بۆ نزگەرە، لەوانە پێکەنین بە دەنگی بەرز و خواردنەوە گازییەکان و خێرا یان زۆرخواردن، جگە لەمانەش دەکرێت هەندێک دەرمانی پزیشکی نزگەرە دروستبکەن.

لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا نزگەرە دەکرێت چەند رۆژێک بخایەنێت، هەرچەندە هیچ رێگایەک سەدا سەد و بەخێرایی چارەسەری حاڵەتەکە ناکات، بەڵام بۆ حاڵەتە ئاساییەکان دەتوانیت بە یەکێک یان زیاتر لەم رێگایانە خۆت رزگاربکەیت:

١. هەناسەت رابگرە.

٢. تۆزێک شەکر بخەرە ژێر زمانت.

٣. داوا لە یەکێک بکە بتترسێنێت.

٤. غەرغەرە بە ئاو بکە.

٥. زمانت دەربهێنە.

٦. هەناسە بدەرە ناو کیسێکی کاغەز.

ب.ع