ئەو خۆراکانە چین کە دڵخۆشت دەکەن؟

2020-02-17

7589 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پسپۆڕانی بواری پزیشکی لە نەخۆشخانەی مایۆ لە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمەریکی ئاشکرایانکرد، ماددە خۆراکییەکان توانای ئەوەیان هەیە تەندروستیی دەروونی مرۆڤ باشتر بکەن.

ماڵپەڕی " Focus.de"ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەکردووە، پزیشکان بۆ باشکردنی میزاج رێنمایی دەدەن بەوەی پاقلەمەنییەکان، ماسییەکان، چەرەزات، برۆکلی، سپێناخ و هێلکە بخۆن، چونکە ماسییە چەورەکان بڕێکی زۆر لە ترشی ئۆمێگا-3 تێدایە، کە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی، هاندانی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی دڵخۆشی (سیرۆتۆنین و دۆپامین).

پاقلەمەنی و چەرەزات و هێلکەش ترشی ئەمینییان تێدایە کە گرنگ و پێویستن بۆ پارێزگاریکردن لە هاوسەنگی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین لە جەستەدا، هەروەها یارمەتیدەرن بۆئەوەی بتوانن بەباشی بخەون و لە خەو هەڵبستن.

سپێناخ و برۆکلیش دەوڵەمەندن بە ترشی فۆلیك کە ئەگەر لە جەستەدا کەمبێت ئەوا دەبێتە هۆی تووشبوون بە حاڵەتی تێكچوونی خەو و خەمۆکی.

بەپشت بەستن بەم ئەنجامانەش زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ماددانە یارمەتیدەرن بۆ باشترکردنی میزاج و دۆخی دەروونی، بەڵام لەحاڵەتی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی ئەوا دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.