وەزارەتی پەروەردە: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دەتوانن رۆژێک بکەنە پشوو

2020-01-24

76104 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەهۆى دابەزینى پلەکانى گەرما و بەفربارینەوە وەزارەتى پەروەردەى هەرێم، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە یەک رۆژ لە ناوەندەکانی خوێندندا بکەن بە پشوو.

وەزارەتى پەروەردەى هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، "بەهۆکاری دابەزینی پلەکانی گەرما و بارینی بەفر، بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لەپارێزگاکان، دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە یەک رۆژ لەو ناوەندەى خوێندن بکەن بە پشوو، ئەگەر کەش و هەوا ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی مامۆستایان و قوتابیان دروستکرد."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "پێویستە وەزارەت لە ناوی ئەو ناوەندانە و سنوری پەروەردەکەیان ئاگاداربکرێتەوە."

 هاوکات بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ئامێدى بەهۆى بارینى رێژەیەکى زۆرى بەفر، سبەینێی کرد بە پشووى فەرمى لە سەرجەم ناوەندەکانى خوێندنى قەزاکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کەشناسی لەبارەی شوپۆلێکی بەفربارینەوە هۆشداری دا و رایگەیاند، شەپۆلێکی بەفربارین ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە لە ڕۆژی شەممەدا بەردەوام دەبێت و سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە دەگرێتەوە و مەودای بینین لە یەک کیلۆمەتر کەمتر دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سفری سیلیزی نزیکدەبێنەوە و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی زوقم و شەختە هەیە.