کچێك کە لە ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ دەچێت بە نەشتەرگەریی رووخساری بۆ گەنج کرایەوە

2020-01-22

67251 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کچێکی هەرزەکاری چینی کە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەکی دەگمەن روخساری پیربووە و لە ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان چووە، لەڕێگەی نەشتەرگەرییەوە رووخساری بۆ چاك کرا و دووبارە گەنج دەرکەوتەوە.

ئەم هەرزەکارە کە ناوی شیاو فینگە و تەمەنی ١٥ ساڵە بەهۆی شێوەی رووخسارییەوە کە لە ژنێکی بەساڵاچوو دەچوو و پێستی چرچ  بوو بەردەوام گاڵتەی پێدەکرا.

ئەم کچە کە تووشی حاڵەتی "برۆجیریا جیلفۆرد-هاچینسۆن" یان پیربوونی پێشوەخت بووە، کە ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە و لە نێوان هەشت ملیۆن کەسدا تەنها یەك کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت و پێشوەخت پیردەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە ئەم کچە لە نەخۆشخانەی سەن لاین بۆ نەشتەرگەری جوانکاری لە شیاو فینگ نەشتەرگەری جوانکاری بۆکراوە کە حەوت کاتژمێر و نیوی خایاندووە و ئەمەش شێوازی ژیانی بەگشتی گۆڕیوە و گەڕاوەتەوە باری ئاسایی تەمەنی خۆی، چونکە ئەمە حاڵەتێکە کاریگەریی تەنها لەسەر پێستی کردووە نەك ئەندامەکانی.

ئەم نەشتەرگەرییەش بە ئامادەبوونی ١٠ پزیشكی نەشتەرگەری و سێ پزیشکی بێهۆشکەر و پێنج پەرستار کراوە.

لەو بارەیەوە دکتۆر شی لینجزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە وتی، "پزیشکان ئەو پێستە زیادەیەیان لە رووخساری کردووەتەوە، هەروەها شێوەی لوت و برۆ و دەمیان چاککردووەتەوە".

پزیشكە تایبەتییەکەی دوای نەشتەرگەرییەکە رێگەی پێنەدا سەیری ئاوێنە بکات تا ئەو کاتەی بە تەواوی چاكدەبێتەوە، دوای چاكبوونەوەشی کە خۆی بینیوە دەستی بە گریان کردووە.