وێنەی دوو شێری برسیی کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە

2020-01-20

23107 جار خوێندراوەتەوە

+ -

وێنەی دوو شێری برسی لە باخچەی ئاژەڵانی خەرتوم لە پایتەختی سۆدان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کاردانەوەی توندی بەدواداهات.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی دوو شێری برسی و لاوازیان بڵاوکردووەتەوە، کە یەکێکیان لە برساندا مردووە، ئەویتریان بەگوێرەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ئەگەر زوو چارەسەری بۆ نەکرێت و خواردنی پێ نەدرێت ئەویش دەمرێت.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەو دوو شێرە لە باخچەی ئاژەڵانی قەرشی لە پایتەختی سۆدانە، کە خواردنی تەواو ناخۆن و گرنگیان پێ نادرێت.

ماڵپەڕی سۆدانی ئەمڕۆ نوسیوویەتی،  یەکێک لە گەشتیاران وێنەی ئەو دوو شێرەی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، دواتر کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرایان کردووە، بەڕێوەبەری باخچەکە نامەیەکی بۆ پۆلیسی پاراستنی ئاژەڵە کێویەکان ناردووە و تێیدا هاتووە، ئەو ئاژەڵە کێویانەی گۆشت خۆرن لە باخچەکەیان دوربخرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی تر، مانەوەیان لە باخچەکە تەنها خواردنی گیایی دەبێت، چونکە تێچووی خۆراکیان زۆرە.

لە نامەکەدا هاتووە، شێر لە ڕۆژێکدا ٤٠ کیلۆگرام گۆشت دەخوات، ڕۆژانە بۆ زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر دەنوێت.

ئەو جۆرە شێرانە پۆلێنکراون بەو جۆرانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، بەجۆرێک لەماوەی دوو ساڵدا لە ئەفریقا ژمارەیان لە %٣٠ بۆ ٥٠ کەمیکردووە.

ئ.ل