بیستۆک بە ٦٠ خولەک چی لە گوێیەکانت دەکات؟

2020-01-20

23281 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ئێستادا بە نزیکەیی هیچ کەسێک نییە کە سەماعە (بیستۆک) بەکارنەهێنێت، بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بێت یاخود بەردەوام، بەڵام چیدەبێت لەکاتێکدا بۆ ماوەی ٦٠ خولەک سەماعەکەت لەگوێتدا دەهێڵیتەوە؟

سەرەتا پێویستە جیاکارییەک بکەین لەنێوان دوو جۆر سەماعەدا، سەماعەی گوێ کە دەکرێتە نێو ڕاڕەوی گوێوە و سەماعەی سەر کە گەورەترە و لەسەردەکرێت و دەوری گوێ دەگرێت نەک بچێتە نێو ڕاڕەوەکەیەوە.

Related image

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی ئەلجەزیرە، بەکارهێنانی سەماعەی گوێ بۆ ماوەی ٦٠ خولەک و هێشتنەوەی لەناو ڕاڕەوی گوێدا ئەم زیانانەی هەیە:

١. چوونەژوورەوەی بەکتریا بۆ ناو گوێ

لەبەر ئەوەی سەماعەکان بە گشتی بە پاکی و لە شوێنی پاکدا هەڵناگیرێن بەکتریایان لەسەر دەنیشێت و بە لەگوێ کردنیشیان بۆ ماوەیەکی زۆر بەکتریا بۆ ڕاڕەوی گوێ دەگوازرێتەوە، کە دەبێتە هۆی هەوکردن و سوربوونەوەی پێستی ناو گوێ.

٢. ئەگەری کۆبوونەوەی مۆمی ناو گوێ زیاددەکات

گوێیەکانمان بەردەوام خۆیان پاکدەکەنەوە و ئەو مۆمەی دروستدەبێت بە تێپەڕبوونی کات دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام زۆر مانەوەی سەماعەکان ڕێگری لەم پرۆسەیە دەکات، کۆبوونەوەی مۆمیش لە گوێدا کاریگەری خراپی لەسەر گوێیەکە دەبێت.

٣. بەرزی دەنگی سەماعەکە پەردەی گوێ دەدڕێنێت

ئەگەر دەنگی سەماعەکە بەرز بێت ئەگەری هەیە پەردەی گوێ بدڕێنێت، چونکە دەنگەکە ڕاستەوخۆ بەرەو پەردەی گوێ دەڕوات و بە هیچ لایەکدا بڵاونابێتەوە، تەنانەت ئەگەر پەردەی گوێش نەدڕێنێت، بەرزی دەنگی سەماعە زیان بە توانای بیستن دەگەیەنێت.

Related image

چ بەرزییەکی دەنگ زیان بە گوێ دەگەیەنێت؟

١. ئەگەر لەکاتی قسەکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا دەنگت بەرزکردەوە.

٢. ئەگەر گوێت لە قسەی ئەوانەی چواردەورت نەبوو.

٣. هەبوونی ئازار یاخود زرنگانەوە لە گوێدا.

٤. ئەگەر ئاستی دەنگی مۆبایلەکە لە %٦٠ زیاتر بوو.

ئاستی دەنگ و ژاوەژاو بە یەکەی دێسیبڵ دەپێورێت، دەکرێت هەر دەنگێک لە سەرووی ٨٥ دێسیبڵەوە زیان بە گوێ بگەیەنێت، بە تایبەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەرگوێ بکەوێت. بۆ تێگەشتن لە ئاستی دێسیبڵ سەماعەی ئایپۆد بە نموونە دەهێنینەوە، ئایپۆدێکی ئاسایی لە %١٠٠ی ئاستی دەنگیدا دەگاتە ١١٢ دێسیبڵ، کە ئەمەش لەماوەی چەند خولەکێکدا کێشەی بیستن دروستدەکات، ئەگەر بە %٦٠یش بەکاربهێنرێت ئاستی دەنگەکە ٨٠ دێسیبڵە.

 

چۆن گوێیەکانت دەپارێزیت؟

١. گۆڕینی سەماعەی گوێ بە سەماعەی سەر.

٢. با دەنگی میوزیەکەکەت لە %٦٠ زیاتر نەبێت.

٣. کاتژمێرێک زیاتر سەماعە بەکارمەهێنە و هەوڵبدە لە نێوان هەموو کاتژمێرەکاندا پێنج خولەک پشوو بە گوێت بدەیت.

٤. ئەگەر ناچاربوویت بە بەکارهێنانی سەماعەی گوێ ئەوا هەموو جارێک پێش لەگوێکردنیان پاکیان بکەرەوە.

٥. یاسای ٦٠/٦٠ بەکاربهێنە، بە ڕێژەی %٦٠ و بۆ ماوەی ٦٠ خولەک سەماعە لە گوێ بکە، پاشان پشوویەک وەرگرە.

ب.ع