چۆن منداڵەکەت لە هەوکردنی دایبی دەپارێزیت؟

2020-01-19

11898 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەوکردنی دایبی بریتییە لە هەوکردنی پێستی سمتی منداڵ بەهۆی دایبییەوە کە بە گشتی سووربوونەوەی پێستەکە یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکانی.

ماڵپەڕی مایۆ کلینیک، هەوکردنی دایبی بۆ درەنگ گۆڕینی دایبی و درەنگ پاککردنەوەی دەگێڕێتەوە، هەرچەندە نەخۆشییەکە بە گشتی تووشی منداڵ دەبێت بەڵام، هەرکەسێک بە بەردەوامی دایبی لەپێ بکات دەکرێت تووشی ببێت.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە بەگشتی لە پێستی منداڵەکە و جوڵەیدا دەردەکەوێت، لەو جێگایانەدا کە دایبییەکەی بەردەکەوێت پێستی سور و هەستیار دەبێت، ئەمەش جگە لەوەی بە جوڵەجوڵی منداڵەکەدا دەردەکەوێت کە ئاسوودە نییە یاخود لەکاتی گۆڕینی دایبی و دەست لێدان لە شوێنە هەستیارەکاندا دەست بە گریان دەکات.

هەوکردنی دایبی لەوانەیە دایک و باوکی منداڵەکە بترسێنێت و تووشی دڵەڕاوکێیان بکات بەڵام، شتێکی مەترسیدار نییە و دەکرێت هەر لە ماڵەوە چارەسەر بکرێت، ئەویش بە زووزوو گۆڕینی دایبی و بەکارهێنانی وشککەرەوەی هەوایی (موجەفیفە) و مەرهەمی سووتانەوە.

ئەگەر حاڵەتەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک چارەسەر نەبوو باشتر وایە سەردانی پسپۆڕێکی نەخۆشیی منداڵان بکرێت، یاخود سووربوونەوەکە زۆر و نائاسیی دەرکەوت، خوێن لێهاتن و خورانی زۆر و سووتانەوەی پێستەکەش دەکرێت نیشانەی نەخۆشی دیکە بن.

ب.ع