چ کاتێك دەتوانیت خواردنی رەق بە منداڵەکەت بدەیت؟

2019-12-15

5619 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رێکخراوی ئەمەریکی بۆ بواری خواردن ئاشکرایکردووە، لە تەمەنی پێنج بۆ حەوت مانگیدا دەتوانن خواردنی رەق بدەن بە منداڵەکانتان، واتە لەگەڵ شیردا خواردنی دیکەیان پێبدرێت کە جوینی دەوێت.

بەگوێرەی بابەتێکی ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژە بەوەکراوە، رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە، دەبێت خواردنە رەقەکان بەشێوەیەکی رێكخراو بدرێت بە منداڵ کە لەگەڵ گۆڕانی فیسیۆلۆجیی منداڵدا بگونجێت، بەجۆرێك دەبێت لەسەرەتادا ئەو ژەمانەی پێبدرێت کە لە سەوزە و گۆشت پێكهاتوون، دواتر دانەوێڵە و شیری بدرێتێ، لە ماوەی نێوان مانگی حەوت و هەشتیشدا دەتواندرێت ئەو ژەمەی بدرێتێ کە لە میوە و دانەوێڵە پێكدێت.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت دووربکەونەوە لەوەی شەکر و خوێ بدەن بە منداڵەکانتان لە حاڵەتێکدا کە خواردنی تایبەت بە کۆرپەیان پێبدەن، جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دەتوانن میوە لەجیاتی شیرینەمەنی بۆ شیرینکردنی خواردنەکانیان بەکاربهێنن.

لەبارەی خواردنەوەکانیشەوە، رێکخراوەکە روونیکردووەتەوە کە دەبێت منداڵ لەسەر هەندێك خواردنی دیکە جگە لە شیر رابهێنن کاتێك سێ جۆر ژەمی رەق دەدەن بە منداڵەکانتان.

هەروەها ئاوی بۆری باشترین خواردنەوەیە بۆ منداڵ، بەڵام نابێت شەربەتیان بدرێتێ چونکە زیانی بۆیان دەبێت.