کاریگەریی مانگی پڕ لەسەر دەروونی مرۆڤ چییە؟

2019-12-13

5625 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەندین بیروباوەڕ و ئەفسانەی کۆن و نوێ مانگی پڕ، یاخود مانگی چواردەیان بە دەروونی مرۆڤەوە بەستووەتەوە و ئاماژە بەوەدەدەن، کە مرۆڤەکان لەکاتی پڕبوونەوەی مانگدا شێت دەبن.

ئەفسانەکان دەڵێن، مانگی چواردە دڕندەکانی نێو مرۆڤەکان دەهێنێتە دەرەوە و دەیانکات بە گورگ و لە یەکتر توڕە دەبن و پەلاماری یەکتر دەدەن، هەندێکی دیکەشیان بە زیادبوونی جادووەوە بەستوویانەتەوە، یاخود دەڵێن، لەو شەوەدا توانای وەچەخستنەوەی پیاوان زیاتردەبێت.

بەڵام تا ئێستا کەمترین بەڵگەی زانستی لەبەردەستدایە بۆ پاڵپشتکردنی ئەم ئەفسانانە، بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی ئێکسپرێس، لە ساڵی ١٩٩١دا کۆمەڵێک زانا لێکۆڵینەوەیەکیان لە جۆرناڵی "Affective Disorders"دا بڵاوکردووەتەوە و سەرنجی حاڵەتی خەڵکییان داوە لەو شەوانەدا کە مانگ پڕبووە، تا ڕادەیەکی کەم گەشتوون بەو ئەنجامەی کە مانگی پڕ بەهۆی ڕووناکییەکەیەوە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی خەوی هەندێک خەڵک و ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی لە ڕۆژدا.

لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتووە، "پێش ڕووناکیی هاوچەرخ، مانگ تاکە سەرچاوەیەکی ڕووناکی بووە بە شەودا کە کاریگەری لەسەر سووڕی خەو و هەستانی خەڵکی هەبووە، بۆیە مانگی پڕ هۆکارێک بووە بۆ تێکچوونی خەوی مرۆڤەکانی پێشوو."

لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ئاریزۆنا کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەنجامدراوە ئاماژە بەوەدەکات کە لەم سەردەمەدا مانگ بە نزیکەیی هیچ کاریگەرییکی بەرچاوی بەسەر مرۆڤەکانەوە نییە، چونکە بۆ سووڕی خەو و هەستان کەمتر پشت بە ڕووناکی مانگ یان خۆر دەبەستن.

سەرەڕای زۆریی بیروباوەڕ و ئەفسانەکان کە شێوەی مانگ بە میزاجی مرۆڤەوە دەبەستنەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ توێژینەوەیەک بەردەست نییە کە بیسەلمێنێت مانگ بچوکترین کاریگەری لەسەر دەروونی مرۆڤ دروستدەکات.

Image result for full moon psychosis human

ب.ع.