نرخی مۆزێك بەدیوارێکەوە لە نرخی ئۆتۆمبێلێكی گرانبەها زیاترە

2019-12-06

76329 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نرخی مۆزێك کە بە تیپ (لەزگە) کراوە بە دیوارێکەوە، ١٢٠ هەزار دۆلارە، کە ئەمەش لە نرخی ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها زیاترە.

لە وردەکاریی ئەم هەواڵەدا کە سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوەکراوە، دوو کۆپی کارێکی هونەریی کە پێكهاتووە لە مۆزێك کە بە تیپ دراوە هەریەکەیان لە دیوارێك بە ١٢٠ هەزار دۆلار فرۆشران، ئەمەش لە پێشانگای "ئارت بازڵ" بووە کە لە شاری میامی ئەمەریکی لەم هەفتەیەدا کراوەتەوە.

ئەم کارە هونەرییە کە ناوی " Comedian"یە لەلایەن پەیکەرتاشی ئیتاڵی مارۆیتسیو کاتیلانەوە دروستکراوە، کە ئەو کەسەبوو تەوالێتە ئاڵتوونییەکەی دروستکرد کە لە کۆشکی بەریتانی لە ئەمساڵدا دزرا.

رێكخەرانی پێشانگاکە دەڵێن، پیاوێك و ژنێکی فەڕەنسی هەردوو کۆپی ئەم کارەیان کڕیوە و بۆ هەر یەکێکیان نرخی ١٢٠ هەزار دۆلاریان داوە، دوای ئەمانیش نرخی کۆپی سێیەمی ئەم کارە بۆ ١٥٠ هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.

وتەبێژی پێشانگاکە وتی: پاش وەستان بۆ ماوەی ١٥ ساڵ، کاتیلان گەڕایەوە بۆ پێشانگای هونەری نێودەوڵەتی، ئێمەش زۆر بە بەختین کە کاری لەگەڵدا دەکەین.

ئاماژەی بەوەشدا، کاری ئەم مۆزە ئاماژەیە بۆ زۆر شت وەك کاروباری بازرگانی جیهانی، جگە لەوەش چەندین واتای دیکەی هەیە.

کاتیلان لەبارەی ئەم کارەوە وتوویەتی، ماوەی ساڵێک کاری لەسەر بیرۆکەکە کردووە و پلانێکی دیکەی هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گەشتی بۆ هەر شوێنێك کردووە مۆزی بینیوە بۆیە بڕیاریداوە مۆز بەکاربهێنێت بۆ کارەکەی و بەر لە دەستپێکردنی پێشانگاکەش لە یەکێك لە فرۆشگەکانی میامی کڕیویەتی.

لەسەرەتادا رێكخەرانی پێشانگاکە قبوڵیان نەکردووە کە کارەکەی کاتیلان نمایشبکەن، چونکە پێیان وابووە کە دەبێتە مایەی گاڵتەجاڕی، بەڵام لە ئێستادا ئەو کارە بووەتە جێی باس و سەرنجی خەڵکی شاری میامی.