ژنێک دوای شەش کاتژمێر لە وەستانی دڵی ژیانی بۆ گەڕایەوە

2019-12-06

12849 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پزیشکان لە ئیسپانیا توانیان بوژاندنەوە بۆ دڵی ژنێکی بەریتانی بکەن کە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر و نیو دڵی لە لێدان وەستا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەناکاو جەستەی بەر سەرمایەکی زۆر کەوتبوو.

رۆژنامەی " Vanguardia" لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم رووداوە تووشی هاوڵاتییەکی بەریتانی بەناوی ئۆدری مێش و هاوسەرەکەی بووە لە رۆژی ٣ی تشرینی دووەمدا لە کاتالۆنیا.

ئەم دوو هاوسەرە لە گەشتێکدا بوون بۆ ناوچەیەکی شاخاوی، بەهۆی گۆڕانی لەناکاوی کەشوهەواوە ژنەکە هۆشی لەدەستداوە و دڵی لە لێدان وەستاوە و چیتر هەناسەی نەداوە، کاتێك کە پیاوانی فریاکەوتن گەیشتنە لای پلەی گەرمی جەستەی ١٨ پلەی سەدی بووە.

پاش ئەوەی ژنەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە و بووژاندنەوەی بۆ کرا پزیشکان توانیان دووبارە وایلێبکەن دڵی دەست بە لێدان بکاتەوە و لە مردن رزگاری بکەن.

 ئەوەی جێی سەرنجی پزیشکەکان بووە، ئەوەیە کە تووشی هیچ کێشەیەکی دەماری نەبووە جگە لەوەی هەستی لە پەنجەکانیدا کەمبووەتەوە، ئەمەش ناچاریدەکات لەمەبەدوا جلێك بکڕێت کە قۆپچەی پێوە نەبێت چونکە ناتوانێت دایبخات.

 حاڵەتەکانی بوژاندنەوەی دڵ پاش ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر بوەستێت دەگمەن و کەمە، ئەمەش یەکەمجارە لە ئیسپانیا حاڵەتی وا تۆمار بکرێت.