پزیشکان هۆشداری لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەدەن

2019-12-06

3955 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاش ئەوەی کۆمەڵێك لە پزیشکانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد کە نەخۆشێك تووشی هەوکردنی کانزایی سییەکان بووە، کە جۆرێکی دەگمەنی نەخۆشیی سییەکان و چارەسەری نییە، پزیشکان هۆشدارییان لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە بڵاوکردەوە.

لە بابەتێکی پزیشکیدا ماڵپەڕی زە سەنی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردوە، پزیشکان کۆمەڵێك کانزای ژەهراوییان لە دوکەڵی ئەو جگەرە ئەلیکترۆنییەدا دۆزییەوە کە نەخۆشەکە بەکاریدەهێنێت، کانزاکانیش بریتین بوون لە: کوباڵت، نیکڵ، ئەلەمینیۆم، مەنگەنیز، رەساس، کرۆم.

پسپۆڕان پێیان وایە ئەم کانزا ژەهراوییانە لە بۆرییەکانی بەشی گەرمکردنی ناو جگەرە ئەلیکترۆنییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر رۆباڵ شا، لە زانکۆی کالیفۆرنیا وتی: بەرکەوتن بە تۆزی کانزای کوباڵت زۆر دەگمەنە، تەنها ئەو کەسانە بەریدەکەون کە لە هەندێك کارگەی دیاریکراودا کاردەکەن، ئەمەش یەکەم حاڵەتە کە بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تووشی بووبێت، کە وایکردووە بەکارهێنەرەکە تووشی جۆرێك برین و نەخۆشی ببێت کە درێژخایەنە یاخود چارەسەری نییە.

هەر لەم بارەیەوە پرۆفیسۆر یورگن فستبۆ لە زانکۆی مانشستەر وتی: جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانبەخشە، دەبێت پزیشکان و ئامادەبووان گرنگیی بە شەپۆڵێکی نوێی نەخۆشییەکانی سییەکان بدەن کە بە هۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تووشی مرۆڤ دەبێت.

هەروەها کۆمەڵەی ئەورووپی بۆ کۆئەندامی هەناسەدان کە توێژینەوەی لەسەر حاڵەتەکە کردووە، هۆشداری لەبارەی جگەرەی ئەلیکترۆنی داوە کە زۆر کەس پەنای بۆ دەبات وەك رێگەیەك بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان و دەڵێت: سیی مرۆڤەکان وادروستکراون کە هەوای پاك هەڵمژن.

ژ.ن