یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە تۆمارکرا

2019-08-24

1980 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەسێک پاش تووشبوونی بە نەخۆشیی تەنگەنەفەسیی سییەکان، بەهۆی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " سکای نیوز"، یەکەم حاڵەتی مردن بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنییەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمارکرا.

جێنیفەر لایدن، بەرپرسی پزیشکیی ویلایەتی ئیلینۆی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتی گیانلەدەستدانی کەسێکیان پێگەیشتووە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی توشبوونی بە حاڵەتێکی هەناسەدانی توند لەکاتی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا، بەپێی وتەی لێپرسراوانی نەخۆشخانەکە هەوڵی زۆریانداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئەم حاڵەتە و چەندین حاڵەتی دیکەی کتوپڕ.

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، تەمەنی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن بەهۆی ئەم حاڵەتانەوە لەنێوان ١٧ – ٣٨ ساڵدابوون، تا کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە ٢٢ ویلایەتی ئەمریکادا، ١٩٣ حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکانی سییەکان تۆمارکراون، کە هۆکارەکەی جگەرەی ئەلیکرۆنیی بووە.

جێنیفەر ئەوەشی ڕوونکردەوە کە، "هێشتا هۆکارەکان ناڕوونن، بەڵام سەرجەمیان جگەرەی ئەلیکتۆنییان کێشاوە، زۆربوونی ئەو ژمارەیە نیشانەی نیگەرانییە و پێویستە هۆشداری بدەن لەبەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، چونکە مەترسیدارە لەسەر تەندروستی''.