ڤیدیۆ.. سەدان مێرووی رەش لەشێوەی کرمێکدا دەردەکەون

2019-07-19

12398 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەدان مێرووی رەش لەشێوەی کرمێکدا دەردەکەون کە شێوەیەکی ترسناکی هەیە و هاوڵاتییانی بەرازیلی تووشی ترس و سەرسوڕمان کردووە.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی میرەری بەریتانی ئاماژەی بەوەکردوە، تۆری سیلڤیرای تەمەن ٢٣ ساڵ کاتێك چووە بۆ مارکێتێك لە نزیك ماڵی خۆیان لە ویلایەتی سانتا کاتارینا ئەم کۆمەڵە مێرووەی بەو شێوە سەیر و دەگمەنە بینیوە.

سیلڤیرا وتی: لەو کاتەی کە چووم بۆ سوپەرمارکێت ئەم تۆپەڵە ڕەشە گەورەیەم لەسەر قەراغی شەقامەکە بینی، کە لێی وردبوومەوە بینیم کۆمەڵێك مێرووی وردن کە پێشتر نەمبینیبوون.

ئەم مێرووە نەناسراوانە کۆبووبوونەوە و بەیەکەوە وەك تۆپەڵێکی ڕەشی زیندوو دەردەکەوتن.

تۆری ئەوەشی وتووە: سەدان مێرووی ڕەش کە لە کرم دەچون و قاچی بچوکیان هەبوو بەسەر یەکدا خۆیان دەخشاند و بەهێواشی بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆشتن، وەك ئەوەی بیانەوێت کۆچ بکەن بۆ شوێنێکی تازە. تا ئێستا دڵنیانیم لە جۆرەکەیان و پێشتر نەمبینیون.

لەدواتردا زانایان لە باخچەی ئاژەڵانی لەندەن لێکۆڵینەوەیان لەبارەی ئەو وێنانەوە کرد و هۆکاری ئەوەیان خستەڕوو کە وایکردووە ئەم ئاژەڵانە بەیەکەوە بڕۆن، لەوبارەیەوە دێڤ کلارك سەرۆکی توێژینەوەکە وتی: کاتێك بەیەکەوە بەکۆمەڵ دەڕۆن و بەدوای خواردندا دەگەڕێن ئەم مێرووانە زیاتر پارێزراو دەبن، رەنگە بەم جۆرە بەدوای شوێنێکی دیکەدا بگەڕێن بۆ ئەوەی لێی بمێنەوە، یاخود دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیە شێوازێک بێت لە بەرگریکردنیان لە خۆیان.

ژ.ن