سەگێك ساڵ و نیوێك لە هەمان شوێندا چاوەڕوانی خاوەنەکەی کرد

2019-07-17

8652 جار خوێندراوەتەوە

+ -

وەفای سەگێك بۆ خاوەنە مردووەکەی دانیشتووانی شارێکی لە یۆنان تووشی سەرسوڕمان کرد و، وایکرد سۆزیان بۆی بجوڵێت و بە درێژایی ئەو ساڵ و نیوە رۆژانە خواردنی پێبدەن.

ماڵپەڕی گریک ریپۆرتەری هەواڵی ئاماژەی بەوە کردووە، خاوەنی سەگەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧دا لەو شوێنەی کە سەگەکەی لێیە تووشی رووداوێکی هاتوچۆ بووە و ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری کۆنکرێت لێیداوە و گیانیلەدەستداوە.

لەوکاتەوە سەگەکەی لە نزیك شوێنی رووداوەکە ماوەتەوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی خاوەنەکەی بووە، بە هیچ جۆرێك رازی نابێت شوێنەکە بەجێبهێڵێت و لەو شوێنەدا بە شەو و رۆژ دەمێنێتەوە.

ئەمە وایکردووە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە تووشی سەرسوڕمان ببن لەوەی ئەم سەگە چۆن توانیوویەتی بچێتە شوێنی رووداوەکە و بیدۆزێتەوە، کە ١٢ کیلۆمەتر لە ماڵی خاوەنەکەیەوە دوورە.

لەگەڵ ئەوەی هەندێك لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ویستیان سەگەکە بگرنە خۆیان و شوێنی بۆ دابینبکەن، بەڵام هەموو جارێك ماڵەکانی بەجێدەهێشت و دەگەڕایەوە بۆ شوێنی مردنی خاوەنەکەی، ئەمەش وایکردووە کە بەشێك لە هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە رۆژانە خواردن و ئاوی پێبدەن تا بە زیندوێتی بمێنێتەوە.

ژ.ن