وەڵامی رەخنە ڕیموڤکردن نیە!
AM:10:46:26/04/2023
4600 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+
-
هەمیشە باوەڕم بە رەخنە هەبووە، بۆیەش بەردەوام دوور لە رق و بیری تەسکی
حزبی و شارچێتی و بەرژەوەندی تایبەت، پێنووسەکەم بە ئاراستەی راستکردنەوەی خوارو خێچیەکان
بەکاردێنم، هیچ کاتیش ئیتیکی کاری میدیایم پێشێڵ نەکردووە و سنووری ئازادییەکانیشم
نەبەزاندووە، چونکە پێموایە رەخنە گەر بە دیوە دروستەکەی لێی بڕوانی، دەتوانی ئەنجامی
ئەرێنی لێ وەچنگ بخەی، بەمەرجێک لایەنی بەرامبەر لە گۆشەنیگای شکاندن و تێوری پیلانگێڕی
لێیەوە نەڕوانی!
کلاسیکۆی کوردستان کە لەنێوان هەولێری خانەخوێ و دهۆک بەڕێوەچوو، هەر لەبەر
دەرگاوە تا دەگاتە کاتەکانی دوای فیکەی ناوبژیوانیش پڕ لە دیمەنی تراژیدی بوو، دیارە
لێرەدا من نامەوێ باسی شەڕی هاندەرانی هەردوو یانە بکەم، چونکە پیشتر ئەوەندە باسی
ئەو بابەتەمان کردووە، پێموایە بە زیاتر وروژاندنیشی هیچ لەگەمژایەتی ئەو هاندەرانە
کەمناکاتەوە کە بۆ هەر جوڵەیەکی یاریزان یاخود راهێنەری دژ، کورسیەکان هەڵدەتەکێنن
و یاریگەش پڕ دەبەی ئاو دەکەن! بگرە سەرنجم لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی پاسەوانەکانی
بەر دەرگەی یاریگەو پەرچەکرداری راگەیاندنی یانەیە لەمەڕ رەخنەیەکی بەندەو چەند
هاوپیشەیەک.
ئاشکرایە لە یاریگەی فڕانسۆ هەریری شوێنێکی تایبەت بۆ میدیاکاران دابینکراوە،
ئەگەرچی زۆرجار لەو شوێنە خەڵکی دیکە لە راگەیاندکاران زیاتر دەبینرێ! کاتژمێرو نیوێک
بۆ دەستپێکی کلاسیکۆی کوردستان مابوو، بەهۆی هاتنی بەرپرسێک رێگە نەدرا یەک میدیاکار
بچێتە ئەو شوێنە، دەرگاوانەکان بەهیچ شێوەیەک قسەیان لەگەڵ نەدەکرا، وەک ئەوەی رۆژنامەنووس
بۆ باری ئەمنی و ژیانی ئەوان مەترسی بێ! من ئەو کات دەستبەجێ رەخنەم لەو شێوازو هەڵسوکەوتە
نا تەندروستە گرت و بەرپرسی راگەیاندنی یانەکەشم ئاگەدار کردەوە، لێ هیچ ئەنجامێکی
نەبوو! دواتر پاش کۆتاییهاتنی یارییەکە بە دوو دێر لە پەیجی چاڵاکیەکانی یانەی هەولێر
رەخنەم گرت و گووتم پێویستە ئەو سوکایەتیە رابگیرێت و ڕێز بۆ میدیاکاران بنووێنرێت،
لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەشی داوای هەڵوێستم کرد، دوای منیش چەند بەڕێزێکی دیکە بێزاری
خۆیان لەو کردەوەیە نیشانداو رەخنەیان گرت، کەچی لەپای ئەوەی داوای لێبوردن بکەن و
میکانیزم بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دیاردە
چەند بارەیە بخەنە روو، ئێمەیان لە گروپ ریمۆڤ کرد!
راستی ئەو کارەی ئەوان منی شۆککرد، چونکە من تەنها راستیەکم بە شێوازی رەخنە
گەیاند، ڕەخنەیەک بە شێوازی پێشکەشکردنی گوڵ، کەچی ئەوان بەرگەیان نەگرت!
چەند ساڵێکە راگەیاندنی ئەو یانەیە وەڵامی رەخنەی دڵسۆزان و خەمخۆران و میدیاکاران
بە شێوازێکی ناتەندروست دەداتەوە، لە پای ئەوەی رەخنەکان هەڵبسەنگێنن و هەوڵ بۆ
چارەسەرکردن بدەن، کەچی سەنگەر لەهەموو ئەو کەسانە دەگرن کە مەبەستیان باشترکردن و
جوانترکردنی یانەکەی پایتەختە! نایشارمەوە راگەیاندنی هەولێر لە سەردەمی (سامان بریفکانی)
لە لوتکەدا بوو، بیرم نایەت ئەوکات کەسێک لە یانە زوویر بووبێ، لە کاتێکدا رەخنەش
هەر هەبوو، لێ رەخنەگر بە چاوی دوژمن سەیر نەدەکرا!
لە
کۆتاییدا هیوادارم برادەرانی راگەیاندنی یانەی هەولێر چیتر لە رەخنە نەترسن و بەخۆیاندا
بچنەوە، هەروەها پێویستە پیشەییانەو سەردەمیانە خوێندنەوە بۆ رەخنەو سەرنجی میدیاکاران
بکەن، چونکە تەنها ئەو رێگایە دەیانگەنێتە لوتکەی سەرکەوتن، نەک سەنگەرگرتن و ریمۆڤکردنی
هاوپیشەکانیان!