مانچستەر یونایتدیش هاتوەتە کێبڕکێی گواستنەوەی ئاراوخۆ

PM:09:53:28/04/2024

208 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مانچستەر یونایتدیش هاتوەتە کێبڕکێی گواستنەوەی ئاراوخۆ و داهاتووی یاریزانەکەش لەگەڵ بەرشەلۆنە ناڕوونە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا پشتڕاستیان کردەوە کە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش هاوشێوەی بایرن میونشن هاتوەتە کێبڕکێی گواستنەوەی رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری بەرشەلۆنە ئەمە لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت یانەکە دەستبەرداری ئەستێرەکەی دەبێت.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردەوە، مانچستەر یونایتد زۆرترین ئارەزووی لە گواستنەوەی ئاراوخۆ هەیە لە هاوینی داهاتوودا، هەرچەندە یاریزانە ئۆرۆگواییەکە دەیەوێت لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بمێنێتەوە بەڵام ئەگەر پاڵنەری رۆیشتنی هەبێت بەرشەلۆنە جێدەهێڵێت.

سپۆرت ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە دەکات، هەرچەندە پێشنیاری یانە کەتەلۆنییەکە زۆر کەمتر دەبێت لە ئۆفەری مانچستەر یونایتد یان بایرن میونشن بۆ مووچەی یاریزانەکە.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، مان یونایتدیش ئامادەیە زیاتر لە 80 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ ئەوەی بەرگریکارەکەی بەرشەلۆنە بگوازێتەوە ئەمە لە کاتێکدا بایرن میونشینش هەمان بڕی پارەی بۆ یاریزانەکە دانابوو.