هەستکردن بەم نیشانەیە لە کاتی نانخواردندا ئاماژەیە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی سورێنچک

PM:07:53:04/07/2022

7972 جار خوێندراوەتەوە

شێرپەنجەی سورێنچک یەکێکە لەو جۆرانەی شێرپەنجە بە خێرایی بە جەستەدا بڵاودەبێتەوە، لە هەمان کاتدا ناتوانرێت بە ئاسانی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە جیابکرێتەوە.

ماڵپەڕی سەیدەتی ئیماراتی لە بابەتێکی تەندروستیدا نوسیوویەتی، سورێنچک پەیوەندیی بەو خۆراکانەوە هەیە لە رێگەی دەمەوە دەچنە گەدەوە، بوونی شێرپەنجە لەو بەشەی جەستەدا بە شێوەیەکی گشتیی گرفت بۆ کاتی خواردن دروست دەکات.

لە دیارترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کە زۆرینەی کات لە کاتی نانخواردندا هەستی پێدەکرێت، قوتنەدانی خواردنە یان بە ئاسان نەچوونە خوارەوەی خواردنە لە گەروو و سورێنچکدا، یان هەستکردن بە خنکان یان دروستبوونی کۆکەیە لە کاتی خواردنی هەر خواردن و خواردنەوەیەکدا.

لە هەندێک کاتدا کە هەوڵ دەدەیت خواردنەکە لە دەمتدا بچێتە گەرووتەوە لە دەم یان لە لوتەوە دێتە دەرەوە، بە ئاسانی خواردنەکە ناچێتە گەدەتەوە و هەست دەکەیت لە سورێنچکتدا ماوەتەوە و دێتە دەرەوە، کە لە زۆرینەی حاڵەتدا بوونی گرێی شێرپەنجەییە رێگریی لە چوونە خوارەوەی خواردنەکە دەکات.

باش قوتنەدانی خواردن سەرەتا کەم و سوکە بەڵام لەگەڵ تەشەنەکردن و گەشەکردنی نەخۆشییەکە گرفتەکە زیاتر دەبێت بە جۆرێک هەست دەکەیت سورێنچکت داخراوە.

لە نیشانەکانی تری ئەم نەخۆشییە جگە لە قوتنەدانی خواردن، دڵتێکهەڵاتن و رشانەوە و زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە و دڵەکزێ و کۆکە و لەدەستدانی ئارەزووی خواردنە لەگەڵ شەکەتی و ئازار لە قورگ و سنگدا.

بۆ بەدوربوون لەم نەخۆشییە دوربکەونەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کهولییەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە خواردنی تەندروست کە دەوڵەمەند بێت بە میوە و سەوزە.

ئ.ل