چۆنیەتی ئامادەکردنی مەحشی بیبەر

AM:11:42:30/11/2021

2236 جار خوێندراوەتەوە

بیبەر یەکێکە لە سەوزەواتە بەسوودەکان کە تام و چێژێکی خۆشی هەیە و دەتواندرێت چەندین خواردنی جیاوازی لێ دروستبکرێت، لێرەدا شێوازی ئامادەکردنی مەحشی بیبەر دەخەینە ڕوو کە ڕێگەیەکی جیاوازی دروستکردنی مەحشییە.

کەرەستەکان:

شەش بیبەری سەوزی گەورە

٢٥٠ گرام گۆشتی قیمەکراو

دوو کەوچك زەیتی زەیتون

یەك دەنك سیر

سێ کوپ ئاوی تەماتە

١/٤ کوپ ئاو

نیو کەوچك بیبەری ڕەش

دوو کوپ برنج

شێوازی ئامادەکردنی:

برنجەکە بکەرە ئاو و دواتر بیپاڵێوە، ئینجا لەگەڵ گۆشتە قیمەکراوەکە لە ناو دەفرێکدا تێکەڵی بکە، بیبەری ڕەش، خوێ و زەیتی زەیتون بکە بەسەریدا و هەموویان بەیەکەوە تێکەڵ بکە.

سەری بیبەرەکان ببڕە و ناوەکەی دەربهێنە، ئینجا تێکەڵی برنج و گۆشتەکە بکەرە ناو بیبەرەکانە، لە کۆتاییدا تەماتەی لەتکراو یان سۆسی تەماتە بکە بەسەریاندا.

بیبەرەکان بکەرە ناو سینییەکی فڕنەوە کە بە زەیت چەور کرابێت، ئینجا سۆسی تەماتە و ئاو بکە بەسەریاندا.

سینییەکە بکەرە فڕنەوە و بە پلەی گەرمی ١٨٠ پلەی سەدی بۆ ماوەی ٥٠ خولەك بیبرژێنە تا پێدەگات.