ئاوازدانەر هەڵکەوت زاهیر لەبارەی ڤیدیۆکلیپی مەدرەسە
وتی "ئەم جۆرە گۆرانیانە لە ئێران و میسر زۆرە بەشێوەیەکی تەنز ئامێز لەسەر
بابەتێک دەکرێت."
هەڵکەوت زاهیر لە چاوپێکەوتنکیدا لەگەڵ کەناڵی NRT لەبارەی نوێترین کاری
هونەرییەوە وتی "تا ئێستا کارێکم نەکردبوو کە زیاتر لە هەشت هونەرمەند بەشدار
بێت و کارێکی جیاواز بێت."
لەبارەی رەخنە و کۆمێنتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و
دەنگۆی تۆمارکردنی سکاڵا هەڵکەوت زاهیر وتی "یەکەم شت، گۆرانیەکە لە ٢٤
ساعەتی یەکەمدا ترێندی عێراق بوو، قبوڵێکی ئێجگار زۆر لەلایەن هەوادارەکانەوە هەبوو،
دەتوانم بڵێم لە ٪٩٥ ـی هەوادارەکان بەرهەمەکەیان بەدڵ بوو، ئەوانەشی رەخنەیان لە
بەرهەمەکە هەبێت یان بەدڵیان نەبێت ئەوە کارێکی ئاساییە وەک هەموو کارێک کە دەکرێت،
زۆرینەی خەڵک بەدڵی بوو کەمینەیەکیش رەخنە دەگرن."
ئەو ئاوازدانەرە وتیشی "سروشتی کاری هەڵکەوت زاهیر هەمیشە
لەو شێوەیەیە کە رەخنەی ئاراستە دەکەنەوە، لە سەرکەوتنی کارەکەیە بە دڵناییەوە،
غیرەیە، حەسادەتە، وەکو هەمیشە باسم کرد، ئەوانەی کە دەیانەوێت سەرشێواندن دروست
بکەن هەڵەن، لەبەرئەوەی ئێمە بەڕێزەوە باسی قوتابخانە دەکەین، ئەگەر وردبینی بکرێت
لە تێکستی گۆرانیەکە تەنها مامۆستایەکە کە تەئخیر دەبێت و قوتابیەکانیش قسە دەکەن،
ئەمە مەنەلۆجە جیاوازی هەیە لەگەڵ گۆرانیەکەی تر."
هەڵکەوت زاهیر ئەوەشی خستەروو کە هەر کەسێک بیەوێت شکات با
بچن ئازادن، چونکە لە تێکستەکەیا ناتوانن رەخنەیەک بگیرێت.
پاش بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی نوێی هەڵکەوت زاهیر؛ ژمارەیەک
بەکارهێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی هەرێم نارەزایەتییان بەرامبەر ئەو کارە دەربڕی.
ئاوازی گۆرانیەکە کاری هەڵکەوت زاهیرە و هەریەک لە هونەرمەندان
(میرا، د.بەلقیس، ئیدریس، بەشیر، گەیلان، کاکە، ئیلایدا مەتین) تێیدا گۆرانی دەڵێن
و دەرکەوتوون، نەوژین سۆران تێکستەکەی نوسیوە، بڵند سۆران کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە
کردووە و هەڵکەوت زاهیر لە چەناڵی فەرمی خۆی لە یوتیوب بڵاویکردۆتەوە.
هەولێر- چۆمان مەحمود
هـ.هـ