ئەلیسا وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە دەڵێن گولەنەبڕی لەبەرکردوە

PM:12:01:24/10/2021

51504 جار خوێندراوەتەوە

ئەلیسا، خانمە هونەرمەندی ناسراوی لوبانانی شەوی ٢٢ی تشرینی یەکەم لە شاری بەغداد ئاهەنگێکی سازکرد، دوابەدوای ئاهەنگەکەش وێنەکانی ئەم هونەرمەندە دەنگۆ و کاردانەوەی بەدوادا هات.

لە ئاهەنگەکەی ئەلیسادا وێنەکانی ئەم خانمە هونەرمەندە کاردانەوەی بەدواداهات، چونکە جلەکانی ئەستووربوون و وادەردەکەوت کە لە ژێرەوە گولەنەبڕی لەبەرکردبێت، ئەمەش وایکرد چەندین هەواڵی جیاوازی لەبارەوە بڵاوبکرێتەوە لە میدیاکان و سۆشیاڵ میدیادا.

لە وەڵامی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەشدا ئەلیسا لە تویتێكدا نوسیویەتی، "سەردانەکەم بۆ بەغدا سەردانێك بووە بۆناو خێزانەکەم و خزمەکانم و ئەو خەڵکانەی خۆشیان دەوێم، نە پێویستم بە گولەنەبڕ بووە نە بە هیچ شتێکی دیکە، هەموو ئەوەش کە وتراوە قسەی پوچ بووە و دووربوون لە راستییەوە، چواردەورم بە گروپێکی ئەمنی گیرابوو وەك هەر کاتێکی دیکە کە دەچووم بۆ هەر وڵاتێکی دیکە، دۆخەکەش سەلامەت و ئارامبوو تا دوا سنوور، بەهیوام هەمووان چیتر باسی ئەم بابەتە نەکەن چونکە دوورە لە راستیەوە".

لە کۆتاییشدا بە هاشتاگێك ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە کارێکی عەیبەیە، " #عيب ".

هاتنی ئەلیسا بۆ شاری بەغداد و ئەنجامدانی ئاهەنگێکی لەو شێوەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک فێستڤاڵی هونەریدایە کە بڕیار وایە بەڕێوەبچێت و تێیدا نزیکەی ١٢٠ هونەرمەندی عێراق و میسر و وڵاتانی دیکە بەشداری بکەن.

لە دیارترین ئەو ناوانەی بڕیار وایە بەشداری بکەن و ڕێزیان لی بنرێت لەپای کارەکانیان بریتین لە: دالیا بەحیری، ماجد میسری، مستەفا قەمەر، محەمەد هیندی، ماجید موهەندیس، محەمەد هەداد و بڕیار وایە ماوەی مانگێک بخایەنێت.

هاوکات بەگوێرەی وتەی ڕێکخەرانی ڤێستیڤاڵەکە، دەستپێک بۆیە بە ئەلیسا بووە بەهۆی ئەو هەوادارە زۆرەی هەیەتی لەناو عێراقدا و خۆشەویستە لەلای خەڵکی و باسی لەوەس کردووە کە ئەم ڤێستیڤاڵە پاڵپشتییەکە بۆ گەلی عێراق و زیادکردنی گەشتیار بۆ وڵاتەکە.