وەرزشکردن پێش نانی بەیانی باشە یان دوای نانی بەیانی؟

AM:08:41:22/10/2021

10760 جار خوێندراوەتەوە

پێش نانی بەیانی وەرزش بکەین یان دوای نانی بەیانی؟ ئەم پرسیارە چەندین ساڵە مشتومڕی لەسەرە و توێژینەوەیەكی نوێ وەڵام دەداتەوە.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردوە، توێژینەوەیەكی نوێی بەریتانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوو جۆر بیرۆکە هەیە لەبارەی وەرزشی بەیانیانەوە، کەسانێك هەن ڕایان وایە دەبێت دوای نان وەرزش بکرێت، چونکە پێیانوایە کە نانی بەیانی ڕێژەی شەکر لە لەشدا بەرز دەکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت کە کاتێکی زیاتر وەرزش بکەین و گڕوتینێکی زیاترمان دەداتێ. هەروەها ڕێگر دەبێت لە سەرگێژخواردن و هیلاکبوونی خێرا.
کەسانێکی دیکەش  پێیان وایە کە وەرزشکردن بەر لە نانخواردن باشترە چونکە زیاتر چەوری دەسووتێنین.
توێژینەوەیەکە کە ڕۆژی هەینی بڵاوکراوەتەوە پاڵپشتی گروپی دووەم دەکات و ئاشکرایکردووە کە وەرزشکردن بەر لە نانی بەیانی باشترە چونکە چەوری زیاتر دەسوتێت.
توێژینەوەکە لەسەر ٣٠ پیاو کرابوو کە کێشیان زۆرە، لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت کە ئەوانەی پێش نانی بەیانی وەرزش دەکەن دوو هێندەی ئەوانەی دی چەوری دەسووتێنن. 
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە کاتێک بێ خۆراک وەرزش دەکەین لەشمان ناچاردەبێت لە کاربۆهایدراتە هەڵگیراوەکان بسووتێنێت و کاتێ ئەوانیش سووتان بەخێرایی چەورییەکانیش دەسوتێنرێن.
توێژینەوەکە بۆ ماوەی سێ هەفتە بەردەوام بوو، هەرچەندە کە کاریگەری پۆزەتیڤی هەبوو لەسەر تەندرووستیان بەشێوەیەکی گشتی بەڵام ئەوانەی کە دوای نان وەرزشیان کردبوو هێندەی گروپی بەرامبەر چەورییان نەسووتاندبوو.
نەخواردنی نان پێش وەرزش وای لە جەستەی پیاوەکان کردبوو کە وەڵامدانەوەیان بۆ ئینسۆلین باشتر بێت، کە کۆنترۆڵی شەکری خوێن دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شەکرە و نەخۆشی دڵ.