ئاگادارییەکی پزیشکی.. لەم کاتانەدا چا مەخۆنەوە

PM:10:51:21/10/2021

23000 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی تەندروستی بەریتانی هۆشداری داوە لەبارەی خواردنەوەی چا لەگەڵ نانخواردندا، یاخود پێش و دوای نان خواردن بە کاتژمێرێك، چونکە رێگە لە مژینی ئاسن دەگرێت لەم کاتانەدا.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "امارات الیوم"، دەستەکە ئاماژەی بەوەکردوە، زۆرینەی خەڵك دەبێت بتوانن بڕی پێویستی ئاسن وەربگرن لەڕێگەی خواردنی هەمەڕەنگ و هاوسەنگەوە، هەروەها ئەگەر تەواوکەری خۆراکی ئاسن بخۆیت ئەوا دەبێت تابتوانیت چا نەخۆیتەوە، چونکە کاریگەریی ئەو تەواوکەرە خۆراکییە کەمدەکاتەوە.

دەستەکە وتوویەتی، جەستەی مرۆڤ پێویستی بە ئاسنە بۆئەوەی هیمۆگڵۆبین بەرهەمبهێنێت، کە ئەمەش پرۆتینێکە لە خانە سوورەکانی خوێندا هەیە کە یارمەتیدەرن بۆ گواستنەوەی ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ ئەندام و شانەکانی جەستە، ئەگەر جەستە بڕی پێویستی ئاسنی تێدا نەبێت ئەوا خانە سوورەکان ناتوانن ئۆکسجین بگوازنەوە بۆ جەستە.

بۆیە باشتروایە کاتژمێرێك پێش نان خواردن و پێش خواردنی تەواوکەری خۆراکی ئاسن چا نەخۆنەوە، هەروەها بۆ سوودوەرگرتن لە تەواوکەری خۆراکیی ئاسن باشتروایە کوپێك شەربەتی پرتەقاڵ بخۆنەوە چونکە ڤیتامین سی تێدایە و یارمەتیدەرە بۆ مژینی ئاسن لەلایەن جەستەوە.