کاروان حەمید بە پۆشاکی کوردییەوە بەشداریی کۆنسێرتێکی جیهانیی دەکات

PM:08:36:19/10/2021

2028 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی موزیسیان و گۆرانیبێژ کاروان حەمید حەلاق بەشداریی کۆنسێرتێکی جیهانی دەکات کە لە هۆڵەندا ئەنجام دەدرێت، زۆربەی گروپە موزیکییەکانی وڵاتان بەشداریی تێدا دەکەن.

کاروان حەمید لە لێدوانێکدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا بۆ ماوەی چوار زنجیرە کۆنسێرتێکی جیهانی بە بەشداری وڵاتانی ئەوروپا لە وڵاتی هۆڵەندا بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا گروپیEtoiles electiguesبەشداریی ئەو کۆنسێرتە دەکەن، کە کاروان حەمید لەگەڵ ئەو گروپەدایە و بە سێ بەرهەمی کوردی و بە پۆشاکی کوردییەوە بەشداریی کۆنسێرتەکە دەکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، هەموو ساڵێک ئەم زنجیرە کۆنسێرتە لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت کە لە بەناوبانگترین هۆڵەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت، زۆربەی نەتەوەکانی جیهان بە جلوبەرگی کلتوری نەتەوەیی خۆیانەوە بەشداریی تێدادەکەن.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، لە پۆستەر و ڕیکلامی کۆنسێرتەکەدا وێنەی کاروان بە پۆشاکی کوردییەوە دانراوە و ناوبراو لە کۆنسێرتەکەدا سێ گۆرانیی بە زمانی کوردی دەڵێت.

ئ.ل