ژنێکی میسری تەمەن
٤٠ ساڵ لە دادگا سکاڵای دژی مێردەکەتی بەرز کردەوە و داوای کردووە کە دەیەوێت لێی
جیابێتەوە، چونکە پۆشاکی کورانەی کردووەتە بەر کچەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا داوای
کردووە ژنی تر بهێنێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی وەتەنی فەلەستینی، ریهام ئەو
ژنە میسرییە تەمەن ٤٠ ساڵەیە کە دەیەوێت لە هاوسەرەکەی جیابێتەوە هەروەک لە دادگا
وتوویەتی "ماوەی ١٥ ساڵە شووم بە عەلا کردووە، خوای گەورە چوار منداڵی
پێبەخشیوین، ژیانمان پڕبوو لە ئارامی و خۆشی تا ئەو کاتەی منداڵی چوارم بوو
ژیانمان بەتەواوی گۆڕا، کێشەکانمان زیادی دەکرد و درێژەی دەکێشا، جونکە هاوسەرەکەم
دەیویست کوڕم بێت، منیش ڕەتم دەکردەوە جارێکی تر دووگیان ببمەوە".
ئەو ژنە لە درێژەی
قسەکانیدا وتوویەتی "مێردەکەم بڕیاریدا ژنێکی تر بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە باوکی
کوڕێک، هەموو ڕۆژێک خوشکەکانی وێنەی کچیان بۆ دەنارد تاکو یەکێکیان بکات بە
هاوسەری، بەبێ ئەوەی ڕێز لە هەستەکانی من بگرن، تەنانەت زۆر ڕەزیل بو لە ئاستی
ئێمەدا، بە جۆرێک خوێندنگەی کچەکانمی گۆڕی لە ئەهلییەوە بۆ حکومی، هەرچەندە قسەم
بۆ دەکرد کە کچ نیعمەتی خوایە بەڵام سوودی نەبوو".
ریهام لە کۆتاییدا
ئاشکرایکرد، مێردەکەی پۆشاکی کورانەی دەکردە بەر کچەکانی ڕەتی دەکردەوە پۆشاکی
کچانەیان بۆ بکڕێت، هەر ئەمەش وایکردبوو هاوپۆلەکانیان گاڵتە بە کچەکانی بکەن، ئەو
دایکە وتی "کاتێک لەسەر ئەوە ڕەخنەم لە مێردەکەم گرت لێیدام و سوکایەتی
پێکردم، منیش کچەکانم لەگەڵ خۆم برد و ماڵم بۆ بەجێهێشت، ئێستاش هاتوومەتە دادگا و
سکاڵام لەسەر بەزرکردووەتەوە و دەمەوێت لێی جیاببمەوە".
ئ.ل