بێژەن کامکار لەگەڵ سپەندار کۆنسێرتێک سازدەکات

2019-05-21

2266 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی ناوداری کورد بێژەن کامکار لەگەڵ کاوە سپەندار کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیک لە تارانی پایتەختی ئێران سازدەکات.

گۆرانیبێژ و ژەنیاری بەناوبانگی کورد بێژەن کامکار، نوێترین کۆنسێرتی خۆی لەگەڵ گرووپی نەی بانگ بە سەرپەرشتی کاوە سپەندار سازدەکات.

لە هەواڵێکدا ئاژانسی هەواڵی میهر ئاماژەی بەوەکردووە، مانگی داهاتوو کۆنسێرتەکە بەهاوکاری ڕێکخراوی "فرووغی فەلەق" لە تەلاری وەحدەتی تاران بەڕێوەدەچێت.

لەو کۆنسێرتەدا بێژەن و سپەندار چەند گۆرانییەک لە ئەلبومەکانی "ئەندێشەگەلی بێدەنگی" و "وریشە" لەگەڵ چەند گۆرانییەکی نوێ پێشکەش بکەن.

بێژەن كامكار ساڵی ١٩٤٩ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایكبووە، لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی تاران خوێندوویەتی، گۆرانیبێژی سەرەكی گروپی میوزیکی كامكارانە، ئامێرەکانی تار و ڕوباب و دەف دەژەنێت. جگە لە گۆرانییەکانی خۆی لەگەڵ گروپی کامکاران، کاری هونەریی لەگەڵ زۆرێک لەهونەرمەندە بەناوبانگەکانی کورد و فارسدا کردووە.

کاوە سپەندار هونەرمەندی گەنجی کورد خاوەن بڕوانامەی بەکالوریۆسی مۆسیقا و سەرپەرشتی گرووپی نەی بانگ، ئاهەنگدانەر و ژەنیاری ئامێرەکانی دیوان، دەف و سێ تارە و لە لای هونەرمەندانی وەک جەمشید عەندەلیبی، جەلیل عەندەلیبی، وارتان ساهاکیان، محەمەد عەلی حەدادیان، عەلیڕەزا مەشایخی فێری وانەی میوزیک بووە.