ڤیدیۆ.. ساتی هێرشکردنە سەر ئاڕنۆڵد شوارزنیگەر

2019-05-19

150157 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود ئاڕنۆڵد شوارزنیگەر کاتێک لەناو هەوادارەکانی لە باشوری ئەفریقا وێنەی دەگرت، لە پشتەوە بە توندی هێرش کرایە سەری.

ئاڕنۆڵد ئەکتەری فلمە بەهێز و پڕ جوڵەکانە و تەمەنی ٧١ ساڵە، بەگوێرەی هەواڵێکی زە سەنی بەریتانی، وەکو داوەر بەشداریی لە پێشبڕکێیەکدا کردووە بە ناوی "ئاڕنۆڵدی کلاسیک ئەفریقا" لە شاری جۆهانسبێرگ لە باشوری ئەفریقا.

یەکێک لەو کەسانەی لە پێشبڕکێکە ئامادەبووە لە پشتەوەی ئاڕنۆڵد بازدەدات و، لە دواوە شەق لە پشتی ئاڕنۆڵد دەدات.

ئەو کەسانەی کە بەرپرسیاری ئاسایشی شوێنەکەن هاوکاریی ئاڕنۆڵد دەکەن و، ڕێگری لەو کەسە دەکەن کە ئازاری بدات، بەڵام ناسنامەی ئەو کەسەی کە هێرشی کردووەتە سەر ئاڕنۆڵد ئاشکرانەکراوە.

ئاڕنۆڵد لە تویتێکدا دەربارەی ئەو ڕووداوە نوسیوویەتی، "سوپاسی گرنگیپێدانی هەمووان دەکەم، هیچ شتێک نییە جێگەی دڵەڕاوکێ بێت، سەرەتا منیش وەکو ئێوە وامزانیوە بەهۆی قەرەباڵغییەوە بەرەو پێشەوە پاڵدراوم."

دەشڵێت، "دوای بینینی ڤیدیۆکە زانیومە بە ئەنقەست ئەو کەسە لە دواوە لێیداوم، من دڵخۆشم ئەو بێ ئەقڵە نەیتوانیوە وێنەی سناپچاتەکەم بوەستێنێت."

ئەم ڕووداوە لەکاتێکدا بووە کە ئاڕنۆڵد "حاکمی پێشووی ویلایەتی کالیفۆڕنیا" لەگەڵ هەوادارەکانی سەرقاڵی وێنەگرتنی سێڵفی بووە بە سناپچات.

ئاڕنۆڵد شوارزینگەر لە ساڵی ١٩٤٧ لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا خەڵکی نەمسایە، یەکێکە لە ئەکتەر و کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکانی جیهان، فلمەکانی بینەرێکی زۆریان هەیە و چەندین خەڵاتی سینەمایی جیهانی وەرگرتووە.

 

ئ.ل