کوردێکی باکور دەبێتە نوێنەری سان مارینۆ لە پێشبڕکێیەکی گۆرانی وتندا

2019-05-16

2785 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کوردێکی باکوری کوردستان بەناوی سەرحەد حاجی باشلی ئۆغلۆ بۆ جاری دووەم بوو بە نوێنەری سان مارینۆ لە پێشبڕکیی گۆرانی ئەوروپیدا، هەروەها گەنجێكی مەغریبی بەناوی بیلال حەسەن نوێنەری فەڕەنسا دەبێت.

ماڵپەڕی بی بی سی لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبڕکێی گۆرانی ئەوروپی (یۆرۆڤیژن بۆ گۆرانی) فێستیڤاڵێکی پێشبڕکێیەکی گۆرانیوتنە کە ١٨ی ئایار لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت، یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ١٩٥٦ەوە رێکیدەخات، بە گەورەترین بۆنەی نا وەرزشی دادەندرێت کە زۆرترین بینەری هەیە بەجۆرێك ژمارەی بینەرەکانی لە ١٠٠ ملیۆن بۆ ٦٠٠ ملیۆن کەس دەبێت لە تەواوی جیهاندا و لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە لەرێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی راستەوخۆ دەکرێت.

لە ئەمساڵدا سەرحەد حاجی باشلی ئۆغلۆ بەشداری تێدا دەکات و دەبێتە نوێنەری سان مارینۆ بۆ جاری دووەم لەسەریەك، کە کوردێکی باکوری کوردستانە و ساڵی ١٩٦٤ لە ئیستانبول لەدایکبووە، وێڕای ئەوەی کە خۆی پزیشکی ددانە بەڵام وازی لە پیشەکەی هێناوە لەپێناو گۆرانیوتن و هونەردا.

سەرحەد لە زانکۆی ئیستانبول خوێندنی پزیشکی تەواو کردووە، دواتر لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە چووەتە جیهانی هونەرەوە، دواتر بووە بە باشترین پێشکەشکاری تەلەفیزیۆنی و باشترین بەرهەمهێنەری تەلەفیزیۆنی لە تورکیا وچەندین خەڵاتی بردووەتەوە.

أحمد سرحد

هەروەها توانایەکی زۆری هەیە لە بواری میوزیك و بەرهەمهێنەری هونەری، چەندین جار لە چەندان کەناڵی تەلەفیزیۆنیدا میوانداری کراوە، هەروەها بەرنامەی دروستکردووە و هەندێکیانی پێشکەشکردووە.

بە زمانەکانی کوردی، تورکی، فەڕەنسی، ئینگلیزی و روسی گۆرانی وتووە، ژمارەی بینەرەکانی هەندێك لە گۆرانییەکانی لە یوتیوب زیاتر لە ملیۆنێك بینەری تێپەڕاندووە.

هەروەها لە ساڵی ١٩٩٧ەوە دەستیکردووە بە راهێنانی گەنجانی بەتوانا و بەهرەدار لەبواری میوزیك و گۆرانیوتندا.

ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن بینەرانی یۆرۆڤیژنەوە ناسراوە پاش ئەوەی نوێنەری سان مارینۆ بووە لە ستۆکهۆڵم، وێڕای ئەوەی لەوکاتەدا براوە نەبوو، بەڵام گۆرانییەکەی بەناوبانگبوو بەراددەیەکی زۆر بەناو خەڵکدا بڵاوبووەوە و زیاتر لە ملیۆنێك بینەری لە ماوەیەکی کەمدا بەدەستهێنا.

لە پێشبڕکێکەی ئەمساڵیشدا سەرحەد ئەو گۆرانییەی کە هەڵیبژاردووە تەنها لە وتنی خۆی نابێت، بەڵکو خۆی نوسیویەتی و ئاوازی بۆ داناوە.